شارپرێس:
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكردوه، "وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پێشکهشکردنی وتەیەک لەبارەی سیاسەتی ئەتۆمییەوە لەلایەن پەیمانگەیەکی ئەمریکییەوە بانگهێشتکراوە".
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا ڕایگەیاند، "عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ بەشداریی لەکۆنفرانسێک کە لەلایەن پەیمانگەیەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەچێت، بانگهێشتکراوە کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت".
وتیشى، "عێراقچى بانگهێشتکراوه بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسه كه تایبهته بهسیاسەتی ئەتۆمی، پێموایە کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ کاژێر 4 یان 5 بەکاتی تاران بەڕێوەدەچێت، هیوادارین کاتەکەی دەرفەت بدات (بەشداربێت)، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بەرپرسیارییانەی هەیەتی".
بهگوێرهى میدیای فەرمیی ئێران، کونفرانسەکە لەلایەن پەیمانگەی کارنیگی کە ناوەندەکەی لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە، سازدەکرێتو عەباس عێراقچی بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لەکۆنفرانسەکەدا دەکاتو وتەیەک پێشکهشدەکات.
بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن پەیمانگەیەکی ئەمریکی لەکاتێکدایە، لە 12ی نیسانەوە دوو گەڕی دانوستاندن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەنێوان تارانو واشنتۆن بەڕێوەچونو هەردولا دەڵێن، تائێستا پرۆسەکە ئەرێنی بوەو هەنگاوی باش بەرەو پێش نراون.
