شارپرێس:
بهگوێرهى وتهى بهرپرسێكى باڵاى شیعهكانى عێراق، سودانی بەبێ ئاگاداری سەركردەكانی شیعەو سەرۆكایەتیەكانی كۆمارو پەرلەمان، سەردانی قەتەری كردوە.
عەباس موسەوی ڕاوێژکاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو یهكێك لهبەرپرسه دیارهكانى شیعهى عێراق ئاماژهى بهوهداوه، سودانی بەبێ ئاگاداری سەركردەكانی شیعەو سەرۆكایەتیەكانی كۆمارو پەرلەمان سەردانی قەتەری كردوە.
ئهو ڕاوێژکارهى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كەناڵی (العهد) قسهیكردوهو وتویهتى، "هیچکام لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانو سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمانو کۆمار، پێشتر زانیارییان لەسەر سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ قەتەر نەبوە".
ئاماژهى بهوهشكردوه، "سیاسەتی نیشتمانیو پرۆسەی دیموکراسی بەمانای پاراستنی گەلو پشتگوێنەخستنی خوێنی بێتاوانەکانە، ناتوانین لەبیرمان بچێت تیرۆر چی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا هێنا".
جهختیشیكردوهتهوه، "دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع لەناوخۆی عێراق، دەبێتە هۆی خولقاندنی ئاشوبێكی نوێ لەگەڵ داعشو تیرۆر، شەرع تائێستا هیچ هەڵوێستێكی نەبوە بۆ داوای لێبوردن لەگەلی عێراق، لەسەر تاوانە تیرۆریستییەکانی".
عهباس موسهوى داوای لەحکومەتو سودانی کردوه شەهیدان لەبیر نەکەن، پەیڕەوی دیپلۆماسی ڕاستەقینە بکەنو ڕێز لەخوێنی شەهیدان بگرنو بەپێویستیشیزانیوه، کۆمکاری عەرەبی ئاگاداربكرێتەوە بەوەی هاتنی شەرع بۆ عێراق، دەبێتە هۆی ئاشوب.
لهكۆتایی قسهكانیشیدا باسی لەوەكردوه، "نامانەوێت عێراق پهلكێشى ناو بەرەیەك بكرێت دژى بەرەیەكی تر، ڕۆیشتنی سودانیش بۆ قەتەر، لەبەرژەوەندی عێراقو عێراقییەکان نهبوهو نییە".
