ئەردۆغان هۆشداریدەدات‌و مەترسییەکی گەورە لەسەر تورکیا ئاشکرادەکات

جیهان

21/04/2025‌ 1696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دابەزینی ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی وڵاتەکەی بە"مەترسی گەورەتر لەجەنگەکان" وەسفکرد، جەختی لەسەر زیادکردنی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەی کردەوە لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی توانای منداڵبون.


سەرۆکی تورکیا ده‌ڵێت:"حکومەت دەستیکردوە بەجێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ ئەم مەبەستە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە قەیرانەکە تەنها پەیوەندیی بەهەڵوێستەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەهەژمونی کولتوری نیولیبراڵەوە هەیە کە هەڕەشە لەپێکهاتەی بنەماڵەو کۆمەڵگە دەکات".

ئەردۆغان ڕەخنەی لەو سیاسەتانە گرت کە هەوڵی نەهێشتنی جیاوازییە جێندەریەکان دەدەن‌و ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژئاوا دەستیکردوە بەگەڕان بەدوای ڕێگه‌یەک بۆ پێچەوانەکردنەوەیان، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆن لەتورکیا بەرگریی لێدەکات.

ئه‌وه‌شى باسكرد، خێزانەکان لەهەموو کاتێک زیاتر بەرەوڕوی هێرش بونەتەوەو گرنگی بەهاکان بپارێزرێن.

ئه‌وه‌شى وت:"ئەو پرسە تەنها لەهاندانێکی مادیدا سنوردار نییە، بەڵکو پێویستی بەدیدگایەکی هەمەلایەنەو شارستانیی هەیە، جگە لەڕێزگرتن لەحیجاب‌و ئیرادەی ژنان بۆ پراکتیزەکردنی ئیمانەکەیان".

لەکۆتاییدا وتى:"ڕێگەنادەن دەستکەوتەکانی ژنان پێچەوانە ببنەوە، بەتایبەتیی لەبواری پەروەردەو کارو سیاسەتدا".