شارپرێس:
ڕۆژی دووشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکەن و پێیان وایە کە ئەمە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ تێکدانی سەقامگیری دۆخی ئەمنی لە ناوخۆی وڵات و لەسەر سنووری سوریا.
ئەندامی لیژنەکە یاسر وتوت بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، "ترسێکی ڕاستەقینە هەیە سەبارەت بە کشانەوەی نزیکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی سەقامگیری ئەمنی لە سەرانسەری ناوچەکە. ئەم کشانەوەیە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری دۆخی ئاسایشی ناوخۆ، بەو پێیەی مەترسیی نزیک لە عێراق هەیە، بەتایبەتی لە ناوخۆی سوریا و لوبنان".
دەشڵێت "لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم کاتە گرنگ و هەستیارەدا بکشێتەوە و لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکانی حکومەت تاوتوێی ئەو نیگەرانیانە دەکەین. هاوکات نیگەرانی لەم کشانەوەیە لەنێو هەندێک سەرکردەی سەربازی و ئەمنی عێراقیشدا هەیە".
ئ.ه