پلینۆمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 232 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، لە  ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە پلینۆمی پێنجەمی خۆی بەڕێوە بردو بارودۆخی ئێستای ئێران و سیناریۆ و ئەگەرەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی، دۆخی ئۆپۆزیسیۆن و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و هەروەها چەند بابەتێکی نێوخۆیی هەڵسەنگاند و بڕیاری پێویستی لەسەر کۆمەڵێک ئەرک و پڕۆژەی حیزبی دا.

لەڕاگەیەندراوی کۆتایی پلینۆمی حیزبی دیموکراتدا هاتوە، پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە بەرزەفڕییە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی هەرەسیان هێناوە، شکستی حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینی ڕژێمی سیاسی لە سوریاو لاوازبوونی میلیشیا نیابەتییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەک قووڵایی ستراتیژیکی ئێران پێگەی ڕژێمی لە هاوکێشە ناوچەییەکانی بەرەو داڕمان بردوە و شکستی سەربازی و ئەمنیی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسڕائیلیش تارانی لە لێوارەکانی ڕووخان و نەمان نی
زیکتر لە هەر کاتێک کردوە.

هەروەها دەشڵێت "سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای هەناردەی شۆڕش لەپێناو پێکهێنانی ئیمپراتۆریی شیعەی سیاسی بە سەرۆکایەتیی وەلیی فەقیهـ دامەزرا؛ زیاتر لە چەند تریلیۆن دۆلار لە سامانی وڵات لەبری تەرخانکرانی بۆ کەرتەکانی وەبەرهێنان، فێرکردن، تەندروستی، گەشە و ئاوەدانیی وڵات بۆ تێچووەکانی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی و پەرەدانی مووشەکی و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکان لە ناوچەدا بەفیڕۆ دا و هەر ئەوەش سەرچاوەی هەموو کێشە و قەیرانە ئابووری، سیاسییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانە."

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە "کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بێ‌ هاوپەیمان و تەنیاتر و پەراوێزخراوتر لەهەر کاتێک ماوەتەوە، لە باشور پەرەسەندنی پەیمانی ئاشتیی ئیبراهیم لەنێو وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل ئامانجە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی مایەپووچ کردوە و، لە باکوری ئێرانیش گرێبەستی زەنگەزوور جگە لە بێبەشکردنی ئێران لە داهاتی میلیار دۆلاریی تڕانزیتی کاڵا بووەتە هۆی ئەوەی پێگەی ستراتیژی و ژێوپۆلۆتیکیی ئێرانی ئەوەندەی دیکەش لاوازتر ببێت".

 ئ.ە