شارپرێس:
دکتۆرە ئەنجلینا ڤۆدۆلازکایا خانمە پسپۆڕی کوێرە گڵاندەکان لەڕوسیا ئاشکرایکردوە، ئەگەربێتو پێست بڕی پێویستی تیشکی سەروو بنەوشەیی دەستنەکەوێت، ئەوە بەشێوەیەکی چالاک لەبەرهەمهێنانی ڤیتامین D دەوەستێت کە "میتابۆلیزمی چەوریی ڕێکدەخات، یارمەتیی پاراستنی کێشی ئاسایی دەدات، هەروەک دڵنیایی دەدات لەپاراستنی تەندروستیی پێستو قژو نینۆکەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە “سیستەمی بەرگریی جەستە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپاراستنی تەندروستیی مرۆڤ، چونکە لەکاتی دابەزینی پلەی گەرمیی لەوەرزی زستانداو ڤایرۆسەکان دەتوانن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جەستە دروستبکەن".
ئەو پزیشکە کۆمەڵێک بەرهەمی خۆراکیی دەستنیشانکردوە کە پاڵپشتی تەندروستییو باری دەرونیی مرۆڤ دەکەن تەنانەت لەوەرزی سەرماکانیشدا، لەوبارەیەوە دەڵێت:“سەوزە دابینکەری سەرەکیی ڕیشاڵی خۆراکییە، بەهۆیەوە کۆلیسترۆڵ لەجەستەدا لادەبرێتو کارەکانی کۆئەندامی هەرس باشتر دەبن، یەکێک لەو سەوزانە سپێناخە؛ "سەرچاوەی ڤیتامین سییە، هەروەک مادەی بێتا کارۆتینو دژە ئۆکسانی تێدایە کە یارمەتیی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەشدەدات".
ئەو خانمە پسپۆڕە ڕوسییە دەشڵێت، “سیر تایبەتمەندیی دژە ڤایرۆسو دژە بەکتریای بەهێزی هەیە، سیر دەتوانێت یارمەتیدەربێت لەکەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بەهەڵامەتو ئەنفلۆنزاو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەش”.
هەروەک زەنجەفیل بەرهەمێکە کە دەتوانرێت بخرێتە ناو چا یان لەئامادەکردنی خواردنی جۆراوجۆردا بەکاربهێنرێت، زەنجەفیل تایبەتمەندیی دژە هەوکردنی هەیەو ئاستی کۆلیسترۆڵ کەمدەکاتەوە کە مرۆڤ لەنەخۆشییەکانی دڵو خوێنبەرەکان دەپارێزێت، جگە لەوەش سودی بۆ مێشک هەیە، بەوپێیەی یادەوەرییو تەرکیز باشتر دەکات، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشیی زەهایمەر".
ڤۆدۆلازکایا لەکۆتاییدا وتویەتی، “بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئەو مادە خۆراکیانەی کە پێویستن بۆ باشترکردنی تەندروستییو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی جەستە لەوەرزی زستاندا، پێویستە ئەم بەرهەمانە بخورێت وەک بەشێک لەخۆراکی جۆراوجۆرو هاوسەنگ”.
و: ئاکۆ ئاڵی