شارپرێس:
حکومەتی پاکستان هۆشداریدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "پێویست ناکات لەسزاکانی ئەمریکا ببەخشرێتو مۆڵەت لەئەمریکا وەربگرێت بۆ دروستکردنی بۆری بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتیی لەئێرانەوە".
مومتاز زەهرا بەلوچ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمریکا وتویهتى:"بۆ ڕاکێشانی بۆری غاز لەئێرانەوە، مۆڵەت لەواشنتۆن وەرناگرین، ئەمە بەشێکە لەو بۆرییەی کە لەناوخۆی پاکستان دروستدەکرێت، بۆیە لەمکاتەدا باوەڕناکەین بوارێک هەبێت لەگەڵ لایەنی سێیەم گفتوگۆو مشتومر لەوبارەیەوە بکەین".
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد لو یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری باشورو ناوەڕاستی ئاسیا چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، وەزارەتەکە چاودێریی بۆری پلان بۆداڕێژراوی نێوان ئێرانو پاکستان دەکات.
ناوبراو لەدانیشتنی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئیسلام ئاباد داوای لێخۆشبونی لەسزاکان نەکردوە بۆ ئەنجامدانی بازرگانیی غاز لەگەڵ ئێران.
دۆناڵد لۆ هەروەک وتویەتی:"هەروەها لەحکومەتی پاکستانەوە نەمانبیستوە سەبارەت بەخواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی هیچ لێخۆشبونێک لەسزاکانی ئەمریکا کە بەدڵنیاییەوە لەئەنجامی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەدا بێت."
بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، مانگێک لەمەوبەر لیژنەی وزەی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستان ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی دروستکردنی بەشێکی 80 کیلۆمەتری لەبۆریی 800 کیلۆمەتری لەسنوری ئێرانەوە بۆ شاری گوادەری کەنار دەریاکانی پاکستان، بەبەکارهێنانی پارەی حکومەت.
پاکستان ماوەی چەند ساڵێکە دوودڵ بوە لەکارکردن لەسەر دروستکردنی بۆری غازی ئێران – پاکستان، وەبەرهێنەران خۆیان لەپشتگیریکردنی پڕۆژەکە بەدوردەگرن بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، هەروەها سنوردارکردنی مامەڵەی دۆلار.