ڕۆژئاوا وه‌ڵامى توركیا ده‌داته‌وه‌و له‌باره‌ى ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌دیش زانیاریى ئاشكراده‌كات

ڕاپۆرت

01/06/2024‌ 4618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ کەنداڵ جودی:

بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان وەڵامی ئەردۆغان‌و باخچەلی ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵبژاردنه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان كه‌ 11ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هیچ مەترسیه‌ك له‌سه‌ر ئێوه‌ دروستناکات"، ده‌شڵێت:"لێدوانەکانی باخچەلی‌و ئەردۆغانیش پاساوێکن بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژاڤاى کوردستان".

له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردودا ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو باخچەلی سەرۆکی مەهەپەو وەزیری بەرگری تورکیا باسیان لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد کە لە 11ی ئه‌م مانگه‌ لەڕۆژاڤای کوردستان بەڕێوەدەچێت‌و بانگەشەی ئەوەیانکرد، ئەم هەڵبژاردنە مەترسی دروستدەکات.

شارپرێس دیدارێكى تایبەتی لەڕۆژاڤای کوردستان لەگەڵ جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا حسێن کۆچەر ئەنجامدا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وتى:"چۆن هەڵبژاردن لەوڵاتێکی تری دەرەوەی توركیا مەترسی لەسەر تورکیا دروستدەکات؟ ئەمە عەقڵیەتی جینۆسایدو نیازی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستدەکاتەوە".


ده‌قى دیداره‌كه‌:
شارپرێس: به‌ڕێز حێسن کۆچەر پێش هەموو شتێک، ئێوە وەک ئیدارەی خۆسەر، بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیاو هەڕەشەکانی سەرۆکی مەهەپە بۆ بەئامانجگرتنی هەڵبژاردن‌و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
کۆچەر: لێدوانەکەی باخچەلی سەبارەت بەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دورە لەڕاستییەوەو لەجەوهەردا دژایەتیه‌كى ڕاستەقینه‌یه‌، چونکە عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک‌و عەقڵیەتی باخچەلی لەسەر بنەمای جینۆساید بونیادنراوە، وەک چۆن کۆمەڵکوژییان بۆ ئەرمەن‌و سوریا هێنا، ئەمڕۆش کۆمەڵکوژی بۆ کورد دەهێنن، ڕاستى قسه‌كانى ئه‌وان ده‌یسه‌لمێنێت، ئەوان لەدیموکراسی دەترسن، واتە هەڵبژاردن لەوڵاتێکی تری دەرەوەی وڵاتەکەی، چۆن مەترسی لەسەر تورکیا دروستدەکات؟.

ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر لەسەر خاکی خۆیان دەژین، واتە لەوڵاتەکەی خۆیان لەسوریا، چۆن هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانییەکان مەترسی لەسەر تورکیا دروستدەکات؟ ئەمە دورە لەڕاستییەوە، ئەمەش عەقڵیەتی جینۆسایدو نیازی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستدەکاتەوە.

تائێستا دەوڵەتی تورک بەبیانوی تیرۆر هێرشیدەکردەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام ئەوەی لەچاوی هەموو لایەکدا پشتیوانی تیرۆرو داعشی دەکرد، دەوڵەتی تورکیا بوو، بۆ نمونە ئەبوبەکر بەغدادی‌و سەرکردەی دوەمی داعش لەئیدلب کوژران، واتە نزیک لەدەوڵەتی تورکیاو لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بون.

بۆیە بیانوی تیرۆر مانادار نەماوە، چونکە دەوڵەتی تورکیا بەئاشكرا وتویه‌تى ئیرادەی گه‌لى كورد قبوڵناکات، واتە دەوڵەتی تورکیا ئیرادەی زۆرێک لەهەڵبژاردنەکان قبوڵناکات، ئەمە عەقڵیەتی شۆڤێنی‌و ناسیۆنالیستی دەیان ساڵەیانه‌، ئه‌و هه ڵبژاردنه‌ی له‌باکورو ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نه دابه‌شبون له تورکیا دروستده‌کات‌و نه‌ دوبه‌ره‌كیش، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یڵێن له‌باره‌ى ئێمه‌وه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دورن لەڕاستییەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی ناوخۆی سوریایە، تورکیا هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتە نییە، تورکیا چ پەیوەندییەکی بە قسەکردن لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاوە هەیە؟ ئایا سوریا پارێزگایەکی تورکیایە؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ڕه‌تى ئه‌م پرسه‌، ئەمانە ڕێبازەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ جینۆساید.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە دەسەڵاتدارانی تورکیا 24 کاتژمێر باسی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە دەکەن‌و دەڵێن منداڵانی غەززە دەکوژرێن، بەڵام هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورک منداڵانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکوژێت‌و سروشت‌و خەڵک لەناودەبات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وتارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیسەلمێنن کە دژی دیموکراسی‌و دادپەروەری‌و کولتوری یەکگرتویی گەلانن، هەروەها دژی یەکگرتوویی گەلی کوردو عەرەب‌و سوریان، چونکە لەم هەڵبژاردنانەدا پێنج هەزار کاندید هەن، زیاتر لە 30 پارتی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە سیستەمێکی دیموکراسی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە.

شارپرێس: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش هه‌مان ئه‌و په‌یامه‌ى توركیا بكه‌ینه‌ پرسیار، ئاخۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانى ڕۆژئاواى كوردستان هیچ مەترسییەک بۆ سەر تورکیا دروستدەکات؟
کۆچەر: هەڵبژاردنی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ مەترسییەک بۆ سەر کەس دروستناکات‌و ئەو بیانوانە شیاونین‌و دژی دیموکراسی‌و دژی یەکگرتویی گەلی عەرەب‌و سوریاو کوردن، بۆیە لەم هەڵبژاردنانە هیچ مەترسییەک لەسەر تورکیا نییە، بۆ نمونە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ڕەقە چ پەیوەندییەکی بەدابەشبونی تورکیاوە هەیە؟ واتە مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا چییە؟ ئەگەر خۆی ڕێکبخات‌و خۆی دیموکراتیزە بکات، مەترسی لەسەر تورکیا چییە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر داعش لەتەنیشت سنوری تورکیا بوو، واتە سنوری گرێ سپی تا سه‌رکانی‌و سنوری مەنبەج بەدەست داعشەوە بوون، بۆیە مەبەستی دەوڵەتی تورک تێدەگەین کە دەوڵەتی تورک نایەوێت ئیرادەی گەل بێتە پێشەوەو ئه‌و نایه‌وێت خەڵک خۆی حوکمڕانی خۆى بكات، هەمیشە دەیانەوێت خەڵک لەژێر دەسەڵاتی ئەواندابێت‌و جینۆساید دژی گەل ئەنجامبدات.

جگە لەهەڵبژاردن، هیچ هەڕەشەیەک لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ سەر تورکیا نییە، بۆیە ئەو عەقڵیەتەی کە دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە مەترسییان بۆ دروستدەکات، توشی نەخۆشی دووڕویی بوەو دورە لەڕاستییه‌وه‌، بەم عەقڵیەتە نەخۆشەی ئاکەپەو باخچەلی تورکیا بەرەو قەیرانێکی گەورە دەبەن‌و نیشانەکانیش ئەوەیە کە قەیرانی ئابوری لەتورکیا دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکیمان لەم هەڵبژاردنانە ئەوەیە کە خەڵک خۆی بەڕێوەببات‌و کێشە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەربکات، بەڵام لەمێژوودا دەوڵەتی تورکیا باسی لەوەکرد، ئەرمەنییەکان هەڕەشەن بۆ سەر جیهانی موسڵمانان‌و لەئەنجامدا جینۆسایدیان لەدژی ئەرمەنییەکان ئەنجامدا.

شارپرێس: به‌ڕێز حسێن کۆچەر بۆچی تورکیا دژی پەیوەندییەکانی ئێوەیە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، واتە بۆچی تورکیا لەپەیوەندی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی دیمەشق دەترسێت؟
کۆچەر: حکومەتی تورکیا نایەوێت دەستکەوتەکانی کوردو دەستکەوتەکانی دیموکراسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەربن،  بۆیە ئێمە کێشەی خۆمان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا چارەسەردەکەین، چونکە دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئیدارەی خۆسەر پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق هەبێت، باخچەلی هەروەها بەڕونی ڕایگەیاند کە خۆیی‌و حکومەتی دیمەشق دەیانەوێت هێرشبکەنەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەهەمانکاتدا دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کێشەی سوریا چارەسەربکرێت، چونکە ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە پەرە بەهەشت گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان‌و داعش دەدات، چونکە دەوڵەتی تورک پشتیوانی لەبزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەکات، هەمووان دەزانن کە ئەم گروپانە لەئیستانبوڵ‌و دیلۆک‌و ڕوحا کەمپیان هەیە، هه‌روه‌ها تورکیا ده‌یه‌وێت پاڵپشتی سوریاو عێراق‌و ئێران بکات به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانی جینۆسایدی خه‌ڵك‌و ئه‌مه‌ ئامانجی سه‌ره‌كى تورکیایه.

شارپرێس: دوا پرسیار، ماوەیەکە زانیاریی بڵاوبووەتەوە کە شاندەکانی ئیدارەی خۆسەر لەدیمەشقن‌و گفتوگۆ هەیە لەسەر ئایندەی سوریاو ناوچەکانتان؟
کۆچەر: ساڵی ڕابردوو ئێمە وەک ئیدارەی خۆسەر دەستپێشخەرییەکمان ڕاگەیاند کە تیایدا ڕامانگەیاند کە چۆن یەکێتی خاکی سوریا دەپارێزین، چۆن کێشەی سوریا لەناو خۆماندا چارەسەردەکەین‌و ئەم ئابوورییە بکەینە خزمەتی تەواوی گەلی سوریاو لەسەر ئەم بنەمایە، لەدەستپێشخەریی ئێمەدا سیستەمێکی لامەرکەزی بۆ سوریا هەبوو، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی زۆر لەگەڵ حکومەتی سوریا درا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان‌و ئێمەش هەر هەوڵدەدەین، بەڵام تائێستا ئەو ئەنجامانەی چاوەڕێی دەکەین بەدینەهاتووە، ئێمە دەمانەوێت کێشەکە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا چارەسەربکەین‌و تورکیا هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتە نییە، ئەگەر دەوڵەتی سوریا بیەوێت کێشەکان چارەسەربکات، دەرگامان بۆیان کراوەیەو لەم چوارچێوەیەدا هەموو هەوڵێکدەدەین، لەستراتیژی گشتیی ئێمەدا هیچ دابەشبوونێکی سوریا نییە.

شارپرێس: لەکۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان.
کۆچەر: سوپاس بۆ شارپرێس...