شارپرێس:
پاش 14 مانگ لەدەستگیرکردنی، سزای لەسێدارەدانی مامۆستا ئایینییە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکراوهتهوه.
بهگوێرهى ههواڵێكى ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بەدەسەڵاتی دادوەریی ئێرانه، محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینیی شاری بۆکان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەهۆی داوای ژمارەیەک مامۆستای ئایینییەوە سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکراوهتهوه.
لەبارەی سزای ئەو مامۆستا ئایینیەوە ئاژانسهكه نوسیویهتى:"بەهۆی بەدواداچونو داوای ژمارەیەک مامۆستای سوننە، سزای لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد لەسێدارەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکراوەتەوە".
خزرنەژاد لە 24ی تشرینی یەکەمی 2022، کاتێک بەشداریی مەراسیمی یەکێک لەکۆچکردوانی ناڕەزایەتییەکانی “ژینا ئەمینی” لەبۆکان کردبوو، وتارێکى پێشكهشكرد، لهو وتارهدا ڕەخنەى لەحکومەتى ئهو وڵاته گرت، دواتر هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەشەودا چونهسەر ماڵەکەی، لەگەڵ کوڕە تەمەن 16 ساڵەکەیدا دەستگیریان كردنو گواسترانهوه بۆ فەرمانگەی ئیتڵاعات لەورمێو بۆ ماوەی 108 ڕۆژ لەزینداندا مانهوه.
پاش 14 مانگ لەدەستگیرکردنی خزرنەژاد، لقی سێی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لەورمێ، بەتۆمەتەکانی “بڵاوکردنەوەی خراپە لەسەر زەوی”و “زیانگەیاندن بەیەکپارچەییو سەربەخۆیی ئێران”و پڕوپاگەندە دژی حکومەت” لە 23ی کانونی یەکەمی 2023 بەسزای لەسێدارەدانو 16 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا، بهڵام ئهمڕۆ وا بڵاوكرایهوه لەسەر بەدواداچونو داوای 266 مامۆستای ئایینی، سزای لەسێدارەدانی مامۆستا خزرنەژاد کەمکراوەتەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.