مه‌ترسى شه‌ڕێكى درێژخایه‌ن ئاشكراده‌كرێت

جیهان

12/06/2024‌ 1559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی‌و نێودەوڵەتییەکان لەواشنتۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە وڵاتانی ناتۆ پێویستیان بەئامادەکارییە بۆ "جەنگی درێژخایەن" لەگەڵ ڕوسیاو ناچارن قەبارەی خەرجییەکانی بەرگری زیادبکەن‌و پیشەسازیی جەنگییان بەهێز بکەن.


ئەو ڕاپۆرتی سەنتەری لێکۆڵینەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ لوتکەی داهاتووی ناتۆ لەواشنتۆن، لەمانگی تەمموزی داهاتوو، کە تێیدا ڕوسیا پێگەیەکی ناوەندی لەکارنامەی وڵاتانی ئەندامی بەشدار لەلوتکەکەدا، داگیردەکات.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ناتۆ "پێشکەوتنی بەرچاو"ی بەدەستهێناوە، لەئامادەکاریی بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ مۆسکۆ، ئەمەش بەهۆی ئەو چەمکەوە کە لەلوتکەی ناتۆ لەهاوینی 2022 لەمەدریدی پایتەخت پەسەند کرا.

ئەم چەمکەی بە "گەڕانەوە بۆ داهاتوو" ناوبرد، وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕی سارد، بۆیە توێژەران بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوسیا گەیشتوەتە دۆخی "گرنگترین‌و ڕاستەوخۆترین هەڕەشەی ئەمنی"، پرسیاردەکەن کە ئایا ناتۆ، بەڕاستی ئێستە، ئامادەیە شەڕێکی درێژخایەن بکات؟.

سەبارەت بەئامادەیی ناتۆ بۆ شەڕێکی درێژخایەن، توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هاوپەیمانان هێشتا "پێویستیان بەخەرجکردنی زیاتر‌و بنیاتنانی توانای پیشەسازیی سەربازیی‌و نەهێشتنی بۆشاییە گرنگەکانی چەک‌و بەرزکردنەوەی ئاستی نیشتمانی هەیە".

پێویستە ئاماژە بەوەشبکرێت، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مۆسکۆ "هێرشناکاتەسەر وڵاتانی ناتۆو ئەم باسە سەبارەت بەنیازی ڕوسیا بۆ هێرشکردنەسەر هیچ مانایەکی نییە".

پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا بەردەوام بەهەڕەشەیەکی خەیاڵی ڕوسیا گەلەکەیان دەترسێنن بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەکێشە ناوخۆییەکان لابدەن.