ئەگەری ڕێککەوتنی ئیسرائیل‌و حەماس لەسەر ئاگربەست نزیکە

جیهان

07/07/2024‌ 5418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی وردەکارییەکانی پێشنیازێکی هەموارکراو سەبارەت بەڕێککەوتنی حەماس‌و ئیسرائیل له‌باره‌ى ئاگربەست لەغەززەو ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئاشکراکرا، بەرپرسێکی ئیسرائیلی باسی لەگەشبینی بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن کرد. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ڕاشیگەیاندوە، ئەو کێشانەی کە بەڕێککەوتن لەگەڵ حەماس چارەسەرنەکراون، کارێکی قورس نیین.


لای خۆیەوە دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆسادو سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئیسرائیلی ڕایگەیاند، تەلئەبیب دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی سوپای ئیسرائیل بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شەڕ لەکەرتی غەززە ئەگەر حەماس ڕێککەوتنەکە پێشێلبکات.

جگە لەوەش، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەپشتبەستن بەسەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایکردوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی گەشت بکات بۆ قەتەر بۆ بەشداریکردن لەدانوستانەکان سەبارەت بەڕێککەوتنی ئاگربەست لەغەززەو ئازادکردنی بارمتەکان.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەهات کە دەیڤید بارنیا سەرۆکی موسادی ئیسرائیل هەینی ڕابردوو لەده‌وحە لەگەڵ نێوەندگرانی قەتەر وتووێژی کرد.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، “هێشتا کەلێن لەنێوان هەردولادا هەیە".

چارەسەری مامناوەند
لەو چوارچێوەیەدا، کۆشکی سپی ڕایگەیاندوه‌، لەگەڵ سی ئای ئەی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی مامناوەند دەدەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس لەسەر ئەو پرسە هەیە.

کاربەدەستانی ئەمریکی ئاشکرایانکردوه‌، تیمێکی ئەمریکی هەینی ڕابردوو لەدەوحە بون بۆ بەشداریکردن لەدانوستانەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گەشبینی هەیە بەوەی کە ناکۆکیی ئەمدواییە لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس دەکرێت ببێتە هۆی ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەغەززەو دامەزراندنی "ئارامییەکی بەردەوام" لەکەرتی غەززە.

حەماس پێشنیازی ئەمریکای قبوڵکردوە
سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بەئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووه‌، بزوتنەوەکە پێشنیازێکی ئەمریکییان قبوڵکردوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان سەبارەت بەئازادکردنی زیندانیانی ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆی نهێنی دانوستانەکانەوە داوایکردوە ناوی ئاشکرانەکرێت ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنەوەکە وازی لەو مەرجە هێناوە کە ئیسرائیل سەرەتا پابەندبێت بەئاگربەستی هەمیشەیی پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ڕێگەش دەدات ئەمە لەڕێگەی دانوستانەوە لەقۆناغی یەکەمدا بەدی بهێنرێت، کە شەش هەفتە دەخایەنێت.

هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەئاگربەست‌و ئازادکردنی دیلەکانی غەززە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەردەوامن له‌نێوان واشنتۆن‌و ئیسرائیل‌و قەتەر کە لەدەوحەوە سەرکردایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات، بە هیوای کۆتاییهێنان بەو کارەساتەی زیاتر لەنۆ مانگە بەرۆکی کەرتی غەززەی گرتوە.