چۆن ماكرۆن فەرەنسای لە مەترسی راستڕەوە توندڕەوەكان رزگار كرد

ڕاپۆرت

08/07/2024‌ 1802 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا كە ڕۆژی یەكشەممە بەڕێوەچوو، پێدەچێت   هاوپەیمانییەكی چەپ لە پێشەنگایەتیدا بێت، بەڵام بەبێ ئەوەی زۆرینەی ڕەهای لێبكەوێتەوە.

هاوپەیمانی بەرەی میللی نوێ لە فەرەنسا توانی زۆرترین ژمارەی كورسی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت.

 خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن هاوپەیمانی چەپ كە چەپی توندڕەوی سۆسیالیست و سەوزەكانی تێدایە، لەنێوان 172 كورسی بۆ 215 كورسی لە كۆی 577 كورسی بەردەكەوێت، بەڵام ناگاتە 289 كورسی كە پێویستە بۆ دەستەبەركردنی زۆرینەی تەواو لە پەرلەمانی فەرەنسا.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان، هاوپەیمانی ناوەندگەرای ئیمانوێل ماكرۆن لە پلەی دووەم دێت و لە نێوان ١٥٠ بۆ ١٨٠ كورسی بەدەست دەهێنێت.

سەبارەت بە پارتی ڕاستڕەوی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی مارین لۆپێن، لە نێوان ١١٥ بۆ ١٥٥ كورسی بەدەست دەهێنێت.

ئەنجامەكە دەبێتە شكستێكی سەخت بۆ بەرەی نیشتمانی ڕاستڕەوی توندڕەو، كە چاوەڕوان دەكرا هەڵبژاردنەكە بباتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەرەی میللی نوێ و بەرەكەی ئیمانوێل ماكرۆن كاریانكرد پێكەوە لە نێوان خولی یەكەم وخولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا ئەنجامەكە پێچەوانە كەوتەوە.

ئەمەش بەو مانایەیە كە هیچ كام لەو سێ بەرەیە ناتوانن حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن و پێویستیان بە پشتیوانی كەسانی دیكە دەبێت  لە دەركردنی یاساكاندا.

بەم ئەنجامەش فەرەنسا و كۆی ئەوروپاش لە مەترسییەكی چاوەڕوانكراوی راستڕەوە توندڕەوەكان رزگار كرا كاتێك ماكرۆن گوتی هەڵكشانی دەنگی راستڕەوە توندڕەوەكان مەترسییە بۆ فەرەنسا و ئەوروپا دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا زۆرینەیان مسۆگەر كرد.