کورد و تورکیا، چیرۆکی یۆنانییەکان

مەلەفی تایبەت

13/07/2024‌ 1168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بێدەنگییەکی مەترسیدار هەیە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوور، کارەسات ئەوەیە روخساری ئەم داگیرکارییە دەبینرێت و وێنە راستەکەی ئەم لەشکرکێشییە نابینرێت، ئەوەی هەندێک هێزی باشوور لە تورکیای دەوێت، تورکیا چەندان هێندە بۆ خۆی وەردەگرێت، تورکیا لە هاتنیدا بۆ باشووری کوردستان تەنها یەک خاڵی نییە بۆ کارکردن، بەڵکو چەندان خاڵی هەیە کە لە رێگەی خۆخەریککردنێکی وردەوە لەگڵ بەناو دوژمنەکەی خۆی، دەیانپێکێت وەک (داگیرکردنی خاک)، (بردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی)، (تەسفییەکردنی نەیارەکان) و (دروستکردنی چەند بەرەیەک لەناو کورد خۆیدا).
تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر ئارەزووی ئەوە دەکات چیرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆتایی نەیەت، لەنێوان "کۆتایینەهاتنی پەکەکە" و "لێکترازانی زیاتری کورد"دا، تورکیا ئامادەیە دووەمیان هەڵبژێرێت، چونکە ئەوەی دووەمیان خەونی تورکیایە، ئەگەر یەکەمیان هەڵبژێرێت، ئەوا هەموو ویستەکانی دیکەی لە باشووری کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر دووەمیان هەڵبژێرێت، ئەوا لەلایەک کەرتکردنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەدەستدەهێنێت و لەلایەکیتریشەوە خاکی کوردستان داگیردەکات و شوێنێک نامێنێت بۆ هیچ کوردێکی دڵسۆز جا لەژێر هەر ناوێکدابێت.
وێرانکردنی خاکی کوردستان و داگیرکردنی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لێدانی بەهێزی تورکەکانە لە پیرۆزیەت و کەلتوور و بەهای نەتەوەیی کورد، ئەمەش رێک پێچەوانەی یۆنانییەکانە کاتێک شەڕی تورکەکانیان کرد و گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆیان و عوسمانییەکانیان وەدەرنا، بەڵام ئەوان زۆر زیرەکانە لەگەڵ موحەکانی تورکدا جوڵانەوە.
عوسمانییەکان کە لە خاکی گریکەکاندا تووشی شکستێکی گەورەبوون و هیچ جۆرە چەکێکیان پێنەما بۆ بەرگریکردن لەخۆیان، ناچار چوونە یەکێک لە کڵێسا بەنرخەکانی ئەو وڵاتەوە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنە پیرۆزانەیاندا کە بەلای یۆنانییەکانەوە پیرۆزبوون و نەدەکرا تێکبدرێن، کاتێک سەربازە عوسمانییەکان تەقەمەنییان پێنەما و کڵێسەکەیان تێکدەدا و بەردی کڵێساکەیان دەگرتە سەربازە یۆنانییەکان، لەو کاتەدا سەربازە یۆنانییەکان بە سەربازە عوسمانییەکان دەڵێن چەکتان دەدەینێ بەرگری لەخۆتان بکەن تا دەڕۆن و خاکەکەمان چۆڵ دەکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەستکاری رەمزە رۆشنبیریی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان مەکەن و تێکیان مەدەن، ئەوەبوو یۆنانییەکان سەرکەوتن و ئیدی تورکەکان لەو قۆناغەدا هیچ شوێندەست و قوڕنوچکێکی خۆیانیان جێنەهێشت کە دواتر بۆی بگەڕێنەوە بەناوی خاکی خۆیانەوە.
ئێستا ئەگەر سەیری شاخ و شار و رێگاوبانی هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان بکەین، تورکەکان ئەوەندە شوێن شۆفڵ و حەفارەیان تێدا لێداوە و ئەوەندە درەختان بڕیوەتەوە، ئەوەندە رێگاوبانیان دروستکردووە، ئەوەندە بارەگا و هێزیان جێگیرکردووە تێیدا، ئەگەر ئێستا لەخاکی عیراق دەربکرێن، ئەوا لەئایندەدا هەر دێنەوە بۆی و تا کۆتایی ژیانیان بە خەونی بەدەستهێناوەی ئەو خاکەوەن.