كوڕەكەی نەتەنیاهۆ: قەتەر گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە

جیهان

16/07/2024‌ 344 جار خوێندراوه‌ته‌وه



یائیر نەتانیاهۆ كوڕی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە لە شاری میامی ئەمریكا نیشتەجێیە، ڕایگەیاند  قەتەر لە لیستی گەورەترین سپۆنسەرەكانی دەوڵەتە بۆ تیرۆر لە دوای ئێرانەوە.

هەروەها یائیر نەتەنیاهۆ  باسی لە پەیوەندی نێوان قەتەر و ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییەی دژ بە ئیسرائیل لە زانكۆكانی ئەمریكادا كرد و تۆمەتباری كرد بەوەی لە رێكخستنی ئەو ناڕەزایەتیانەوەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئیسرائیل ئامانجی ڕاستەقینەی ئەوان نییە، ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی پەیكەری كۆمەڵایەتی ئەمریكایە.

لە بەرامبەردا دیپلۆماتكارێكی قەتەری بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە كە لێدوانەكانی یائیر ناتانیاهۆ “لە قسەكانی گروپە توندڕەوەكانەوە كۆپی كراوە كە دوژمنایەتی هەر چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ ململانێی غەززە دەكەن”.

جەختیشی لەوە كردەوە كە “ئەم تۆمەتانە نابێتە هۆی كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئەو كەسانەی كە پێیان باشە شەڕەكە بەردەوام بێ، هەروەها تۆمەتەكانی دژی قەتەر كە گەورەترین پشتیوانی زانكۆكانی ئەمریكایە، بەهەمان شێوە ناڕاستە”.

دیپلۆماتكارەكە جەختی لەوە كردەوە "قەتەر هیچ پەیوەندییەكی بە ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییەی زانكۆكانی ئەمریكاوە نییە"، هۆشداریشیدا لەوەی لێدوانەكانی كوڕەكەی نەتانیاهۆ "نابەرپرسیارانەیە، بەتایبەتی لەم كاتە هەستیارەی دانوستانەكاندا تەنها دەتوانن شتەكان ئاڵۆزتر بكەن."