ئایا وەرزشکردن لەپێش خەوتن سوودی هەیە؟

هەمەڕەنگ

20/07/2024‌ 596 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە نیوزلەندا ئاماژەی بەوەکردووە، وەرزشکردن پێش خەوتن مەرج نییە خەوی مرۆڤ تێکبدات، بەڵکو دەتوانێت کوالێتی باشتر بکات و کاتەکانی خەوتنی زیاد بکات.

ئەم دۆزینەوە پێچەوانەی ئەو بیرۆکە باوەیە کە دەڵێت وەرزشکردنی چڕ پێش خەوتن لەوانەیە خەوتن تێکبدات بەهۆی بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و پلەی گەرمیی جەستە.

بەڵام لە توێژینەوە نوێیەکەدا تیمی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی ئۆتاگۆ تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامداوە کە تێیدا 30 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 40 ساڵدایە، بەشدارییان تێدا کردووە.

هەموو بەشداربووان وتوویانە کە بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر لە 5 کاتژمێر لە کاتی دانیشتن لە شوێنی کارەکانیان بەسەر دەبەن، و 2 کاتژمێری دیکە لە ئێواراندا.

بەشداربووان دوو تاقیکردنەوەی جیاوازیان ئەنجامدا لەنێوانی 6 ڕۆژ لە تاقیکردنەوەیەکدا داوایان لێکرا بۆ ماوەی 4 کاتژمێر پێش خەوتن دابنیشن.
لە تاقیکردنەوەی دووەمدا داوایان لێکرا کە بۆ ماوەی 30 خولەک لە ماوەی ئەم 4 کاتژمێرەدا پێش خەوتن ڕاهێنانی بەرگریی ئەنجام بدەن.

بەپێی هەواڵێکی Health Day , ئەنجامەکان دەریخستووە کە ئەوکەسانەی ئەو راهێنانەیان لەپێش خەوتن کردووە،  کاتی خەوتنیان بە ڕێژەی 27 خولەک باشتر بووە و زیادی کردووە بەراورد بە پێشووتر.

هەروەها توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە وەرزشەکانی بەرگریی هیچ تێکچوونێکی زیاتری لە خەو یان بەئاگابوونەوەدا  بەراورد بە پێشوتر دروستنەکردووە.

ڕاهێنانەکانی بەرگریی بریتی بوون لە جوڵەی دانیشتن لەسەر چتچکان لەسەر کورسی، بەرزکردنەوەی قاچ و بەرزکردنەوەی ئەژنۆ لەکاتی وەستاندا، هەروەها ڕاهێنانەکانی تر کە دەتوانرێت لەکاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆندا ئەنجام بدرێت.