بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا هۆشداریدەدات لەمەترسیی بڵاوکردنەوەی موشەکی ئەمریکی لەسەر خاکی وڵاتەکەی

جیهان

21/07/2024‌ 1282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆلف مۆتزینیچ سەرۆکی کوتلەی پەرلەمانیی پارتی سۆسیال دیموکرات لەئەڵمانیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەپلانەکانی جێگیرکردنی موشەکی دورمەودای ئەمریکی لەئەڵمانیاو جەختی لەوەکردۆتەوە کە دەبێت مەترسییەکانی ئەو هەنگاوە لەبەرچاو بگیرێت.


مۆتزنیچ لەلێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەکانی گروپی میدیایی “فونکە”ی ئەڵمانی وتویەتی:"دەبێت لەژێر ڕۆشنایی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا تواناکانی بەرگریمان بەرەوپێش ببەین، بەڵام نابێت مەترسییەکانی ئەمکارە پشتگوێبخرێت، موشەکەکان ماوەیەکی زۆر کورتی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیان هەیەو کردنەوەی توانای تەکنەلۆژیی نوێ مەترسیی پەرەسەندنیی سەربازیی نەخوازراو زیاد دەکات".

مۆتزنیش کە ئەندامی پارتەکەی ئۆلاف شۆڵزی راوێژکاری ئەڵمانیایە دەڵێت:" تێناگەم بۆچی دەبێت ئەمجۆرە سیستەمە تەنها لەئەڵمانیا جێگیربکرێن".

لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەڵمانیا دوای ئەوەدێت کە لەپەراوێزی لوتکەی ئەمدواییەی ناتۆ لەواشنتۆن، کۆشکی سپی‌و حکومەتی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، ئەمریکا دیسان بەنیازە لەساڵی 2026وە سیستەمی موشەکیی دورمەودا لەئەڵمانیا جێگیربکات کە دەگاتە وڵاتی ڕوسیا.

ئەم سیستمانە بریتی دەبن لەموشەکی کروز تۆماهۆک کە مەودای دەگاتە 2500 کیلۆمەتر، کە لەڕوی تەکنیکیشەوە دەتوانرێت بەچەکی ئەتۆمیی تەیار بکرێت، ئەمە جگە لەموشەکی دژە فڕۆکەی SM6 و چەکی پێشکەوتوی هایپەرسۆنیک.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز هەوڵیدا نیگەرانییەکان بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لەدژی ڕوسیا بەهۆی جێگیرکردنی موشەکی ئەمریکییەوە بڕەوێنێتەوەو ڕونیکردەوە کە مەبەستیان بەرپەرچدانەوەو ڕێگریکردنە لەهێرشەکان لەناوچە دورەدەستەکانەوەو جەختیشیکردەوە، خەمی بەردەوامیان ڕێگرییکردنە لەهەڵگیرسانی جەنگ.

مۆتسینیچ جەختیکردەوە، هێشتا بەدوای کشاندنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکایە لەئەڵمانیا، وتى:“هێشتا قەناعەتم وایە کە ئەم فۆڕمەی ڕێگریی ئەتۆمی لەڕوی سیاسەتی ئەمنییەوە هیچ سودێکی نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بیرۆکەی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی بۆسەر ئامانجێکی دوژمن تاڕادەیەک بەسەرچوە.