وه‌زیرى دارایی بڕیارێك له‌باره‌ى موچه‌ى خانه‌نشینانه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

22/07/2024‌ 9054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌ربونى كێشه‌ى موچه‌ى دوو مانگى خانه‌نشینانى هێزه‌كانى 70 ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ده‌شڵێت:"ژمارەی ئه‌و خانه‌نشینتنه‌ زیاتر لەنۆ هەزار کەسەو موچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارەو تائێستا نەخراونەتەسەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لەوەزارەتی دارایی"، هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لەدواکەوتن‌و نەدانی موچەکانیان".


ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، بەبڕیاری وەزیری دارایی، کێشەی موچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 چارەسەرکراوه‌.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئه‌مڕۆ دوشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوریی، پێشوازیکردوه‌ لەژمارەیەک لەنوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کە لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبون، لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کرا کە ژمارەیان زیاتر لەنۆ هەزار کەسەو موچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارەو تائێستا نەخراونەتەسەر بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشین لەوەزارەتی دارایی".

هه‌ر له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وته‌یه‌كى وەزیری دارایی كراوه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ وتویه‌تى:"به‌گوێره‌ى یاسای چاکسازیی‌و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تائێستا هیچ داتاو زانیاریی‌و دۆسیەیەکیان لەبەڕێوه‌بەرایەتی گشتی ژمێرکاریی‌و بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی نییەو لەوەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لەدواکەوتن‌و نەدانی موچەکانیان، بەڵکو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترینکات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوەسەر بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشین لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان".

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، هاوشێوەی مانگەکانی دیكه‌ وەزیری دارایی فەرمانیکردوه‌ بەخەرجکردنی موچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بەیەکجاریی چارەسەردەکرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرچاوەیەک له‌هێزه‌كانى 70ى پێشمه‌رگه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، ژمارەى ئەو خانەنشینانەى موچەى ئەو دوو مانگە یان مانگێکیان وەرنەگرتوە نۆ هەزار خانەنشینەو ئەمڕۆ بڕیارى خەرجکردنى هەردوو موچەکەیان دراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دواى ڕاگەیاندنى خشتەى موچەى هێزە ئەمنییەکان دابەشکردنى موچەى خانەنشینانى هێزەکانى 70 کێشەى تێکەوت، بەشێک لەخانەنشینان تەنها موچەى مانگى پێنجیان وەرگرت‌و بەشێکى دیکەیشیان موچەى هیچ مانگێکیان پێنەدرا، هاوکات، دابەشکردنی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆران لەعێراق دەستیپێکردوه‌و لیستی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمیش لەوردبینیکردندایە.