100 هه‌زار خانه‌نشین له‌هه‌رێم كێشه‌ى موچه‌یان بۆ دروستده‌بێت

کوردستان

22/07/2024‌ 13427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا دروستبونى مه‌ترسیى له‌سه‌ر 100 هه‌زار خانه‌نشینى له‌هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "موچه‌ى ئه‌و خانه‌نشینانه‌ لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریه‌"، ده‌شڵێت:"پرسێك نایاسایی دروستبوه‌و له‌2015وه‌ چه‌ندینجار حكومه‌تى هه‌رێم له‌وكاره‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌".


سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"خانەنشینی سەربازیی، یەکێک لەدۆسێ پڕ لە ناموستەحەقەکانی حکومەتە، زیاتر لە 100 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەیە لەهەرێم لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوری، بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لەوەزارەتی پێشمەرگە هەیە لەیەکەی 70و 80 بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی هەبوە، بەناوی پێشمەرگەی دێرین‌و ئەیلول، لەساڵی 2015وە بەڕەسمی حکومەتی هەرێمم لەمکارە نایاساییانە ئاگادارکردوه‌تەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "دواجار لەیاسای چاکسازیی لەمادەی هه‌شت نوسراوە (گواستنەوەی گشت ئەو بەڕێوەبەرایەتی‌و هەر فەرمانگەو یەکەیەکی دیکەی کارگێڕیی‌و دارایی کە موچەی خانەنشینی لێ دابەشدەکرێت (سەربازیی‌و شارستانی‌و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو یەکە ڕێکنەخراوەکانی هێزی پێشمەرگە) گواستنەوەی موڵک‌و کەلوپەکانیان‌و دۆسێکانیان بۆ سەر بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوریی".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، بەداخەوە تائێستا لەیەکەی 70 بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی‌و دۆسێی خانەنشیکراوەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان نۆ هەزار کەسە هەر لەوێ ماوەو نەگوازراوەتەوە".

له‌كۆتاییدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "چاودێری دارایی فیدراڵ داوایکردوە دۆسێی خانەنشینی سەربازیان پێبدرێت بۆ وردبینی، نابێت هیچ شوێنێک هەبێت بۆ خانەنشینی لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی گشتی وەزارەتی دارایی".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، "به‌گوێره‌ى یاسای چاکسازیی‌و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تائێستا هیچ داتاو زانیاریی‌و دۆسیەیەکیان لەبەڕێوه‌بەرایەتی گشتی ژمێرکاریی‌و بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی نییەو لەوەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لەدواکەوتن‌و نەدانی موچەکانیان، بەڵکو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترینکات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوەسەر بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشین لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان"، به‌ڵام ئه‌وه‌شى وتوه‌، "هاوشێوەی مانگەکانی دیكه‌ وەزیری دارایی فەرمانیکردوه‌ بەخەرجکردنی موچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بەیەکجاریی چارەسەردەکرێت.