زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى موچه‌ى مانگى حه‌وتى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

23/07/2024‌ 10295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی ئابوریی پەرلەمانی عێراق بۆچونی جیاوازیان له‌باره‌ى ڕه‌وانه‌كردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌رله‌مانتارێك ده‌ڵێت:"چاوەڕوانین لەم مانگەدا زوتر تەمویلی موچەی موچەخۆران له‌به‌غداوه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت، هیچ بیانویەك نەهێڵدراوەو لیستەكان هەمویان تەواو و بێ كێشەن"، په‌رله‌مانتارێكى دیكه‌ش وتویه‌تى:"لەلیستی موچەی مانگی حه‌وتى هێزە ئەمنیەکان ئەوانەی وازیانهێناوەو داخڵی هروب بون‌و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر گیراوە، ناویان خراوەتەوە لیستەکە! تێیاندایە ئێستا لەحەشدی شەعبیە کەچی ناوی لەلیستی پێشمەرگە داخڵکراوەتەوە".


سیپان شێروانی ئه‌ندامی لیژنەی ئابوریی په‌رله‌مانی عێراق به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "ئەم مانگە هەم زوو لیستەكان بۆ بەغدا نێردراون‌و هەمیش سەرجەم تێبینییەكانی پێشتر چارەسەركراون، بۆیە چاوەڕێین زوتر تەمویلی موچە بنێردرێت".

ڕۆژى 21ی تەمموزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیستی موچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەران‌و موچەخۆران‌و دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکان ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كراوە، كە تێیدا لیستی موچەی خانەنشینان بەهاوتاکراویی‌و بەگویچره‌ى یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ڕەوانەکراوە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕاشیگه‌یاندوه‌، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، کاری زۆرباشی بۆ پرسی لیستی موچه کردوە، هیچ بیانویەك نەهێڵدراوەو لیستەكان هەمویان تەواو و بێ كێشەن".

به‌وته‌ى سیپان، "دەبێت تاوەکو پێش کۆتایی ئەم مانگە تەمویلی موچەی مانگی تەمموز بنێردرێت، مادام لیستەكان زوو نێردراون‌و هیچ كێشەیەكیان نییە، هیچ بیانویەک بۆ دواخستنی ناردنی تەمویل نییە، دوێنێش دارایی فیدڕاڵ تەمویلی موچەی پارێزگاکانی عێراقى دەستپێکردوە، بۆیە دەبێت هیچ نەبێت پێش كۆتاییهاتنی مانگ، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت".

سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وەزارەتی دارایی هەرێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، لیستێکی تۆکمەو بێ کەموکوڕییان بۆ به‌غدا ناردوە کە پێکهاتوە لەکاغەزو سیدی‌و پێشتریش ڕەچاوی تێبینییەکانی دارایی فیدڕاڵ کراوەو دوێنێش پێیان وتون لەژمێرکاریی دارایی فیدڕاڵ خەریکن وردبینیی بۆ لیستەكە دەکەن، به‌ڵام سۆران عومه‌ر پێچه‌وانه‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ ئاشكرایكردوه‌، "لەلیستی موچەی مانگی حه‌وتی هێزە ئەمنیەکان ئەوانەی وازیانهێناوەو داخڵی هروب بون‌و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر گیراوە، ناویان خراوەتەوە لیستەکە! تێیاندایە ئێستا لەحەشدی شەعبیە کەچی ناوی لەلیستی پێشمەرگە داخڵکراوەتەوە! ئێستە ئەزانن بۆ ته‌وتین ناکەن؟!".

وتوشیه‌تى:"ئەمانە وازناهێنن لەوەی 32 ساڵە فێری بون، هەربۆیە ئامادەنین لەبانکی حکومی ته‌وتین بکەن تاوه‌کو ئەم گەندەڵیانەیان هەر بەردەوامبێت، پێشمەرگەی حەقیقی بوە بەقوربانی ئەم بندیوارو ناڕاستیانەی کە قەت دەستبەرداری نابن! ئەمانە فێڵ لەشەیتانیش ئەکەن!".