بۆچی ناتانیاهۆ نایەوێت جەنگی غەززە بوەستێت؟

جیهان

24/07/2024‌ 675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئەو شیکارییە سیاسییانەی لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیلدا کراون، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەرچەند هۆکارێک نایەوێت کۆتایی بەجەنگی غەززە بهێنێت کە دیارترینیان ترسییەتی لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە.


شیکارییە سیاسییەکان لەمیدیاکانی ئیسرائیلدا ئاماژەیان بەوەکردوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زیاتر قازانج لەوەدەکات شەڕ درێژە بکشێت نەوەک کۆتایی بێت، چونکە بەردەوامیی شەڕ رێگەی پێدەدات ڕێگریی لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان بکات کە بەئەگەرێکی زۆرەوە بەرامبەر بەنەیارە سیاسییەکانی شکستدەهێنێت، هەروەک چۆن هاوپەیمانەکانی لەسیاسییە راستڕەوەکان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە هاوپەیمانێتییەکەیان لێکردوە ئەگەربێت‌و ڕەزامەندیی لەسەر ڕاگرتنی جەنگ بدات.

هەروەک، تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردوه‌تەوە، بەڵگە هەیە کە ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکۆتا ساتەکاندا ئاستەنگ بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی گریمانکراو لەگەڵ حەماس دروستدەکات، بەوپێیەی لانیکەم ئامادەنییە یەک سازش لەداواکارییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل بکات، جگەلەوەی داواکارییەکی نوێی هێناوەتە گۆڕێ کە بریتییە لەکۆنترۆڵکردنی میحوەری فیلادیلفیا لەنێوان کەرتی غەززەو میسر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

ئەوەش هاتوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەناو خودی ئیسرائیل‌و لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش لەژێر فشارێکی گەورەدایەو ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی ئەم فشارانە دەبێتەوە کە لەلایەن سەرۆک بایدن‌و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکاوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، نەتانیاهۆ لەئێستاوە چاوی لەکەسێکی ترە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەربگرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئایا ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس بکات یان نا، لەوانەیە ئەو کەسەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بێت.

چاودێران پێیانوایە، سەرەڕای پشتوانییە بێسنورەکانی ترەمپ بۆ ئیسرائیل لەخولی ڕابردویدا، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانی نێوانیان بێ کێشە نییەو لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا ئەو پەیوەندیانە ڕوبەڕوی چەندین کێشە بونەتەوە، بەتایبەت توڕەیی ترەمپ لەپیرۆزباییەکەی ناتانیاهۆ لەبایدن دوای سەرکەوتنی بەسەر ترەمپدا.