خۆشوشتنی بەیانیان یان ئێواران کامیان بەسودترە؟

هەمەڕەنگ

24/07/2024‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژانە خۆشوشتن خویەکی باوەو کاتەکەشی لەنێوان کەسەکاندا جیاوازە، هەندێک کەس پێیانباشە شەوانە خۆیان بشۆن بۆئەوەی لەپڕۆسەی خەوتندا یارمەتییان بدات، هەندێکی تر پێیان باشە بەیانیان خۆیان بشۆن بۆ ئەوەی چالاکیی جەستەییان زیاتربێت‌و هەست بەبوژانەوە بکەن.


بەڵام هەندێک لەشارەزایان دەڵێن خۆشوشتن لەبەیانیاندا ڕەنگە مەترسیی لەسەر تەندروستیی دروستبکات، بەشێوەیەک بەگوێرەی ماڵپەڕی MattressNextDay، ئەگەر پێش خەوتن خۆنەشۆردرێت ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ بەکتریا مەترسیدارەکانی وەکو ئێشێریچیا کۆلای (E. Coli) بخەویت کە دەتوانێت چەند مانگێک لەسەر دۆشەک بژی‌و ببێتە هۆی توشبون بەنەخۆشیی جۆراوجۆر.

جگە لەوەش شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، کارمەندانی فەرمانگەکان لەڕۆژدا بەرکەوتەی بڕێکی زۆر لەبەکتریاو پیسکەرەکانی هەوا دەبن، خۆشوشتن لەشەودا یارمەتیی لابردنی ئەم پیسکەرانە دەدات پێشخەوتن، لەکاتێکدا خۆشوشتن لەبەیانیاندا ڕەنگە بەمانای گواستنەوەی میکرۆبەکان بێت بۆسەر جێگه‌ی خەوتن.

جگە لەپاکوخاوێنی، خۆشوشتن لەشەودا کوالێتی خەو بەرزدەکاتەوە،  گواستنەوە لەحەمامێکی گەرمەوە بۆ ژورێکی فێنک پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنێت، ئەمەش بەشدارە لەئامادەکاریی بۆ خەوتن.

شارەزیان دەڵێن، دەتوانرێت لەڕێگه‌ی بەکارهێنانی جێڵی خۆشوشتن بەبۆنی لاڤاندەر پڕۆسەی خەوتن بەرەو پێش ببرێت، کە بەتایبەتمەندییە ئارامکەرەوەکانی ناسراوە کە یارمەتی کەمکردنەوەی کەمخەویی‌و وروژاندن دەدات.

و: ئاکۆ ئاڵی