شۆڕش دەروێش: ئامانجی توركیا لە هێرشەكانی سەر باشوور و رۆژئاوای كوردستان ئابوورییە

ڕاپۆرت

24/07/2024‌ 1063 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس: كەنداڵ جودی
دەوڵەتی توركیا بە كوشتنی كورد لە ڕۆژاڤای كوردستان و دهۆك هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە ئابوورییەكانی و بەدەستهێنانی ڕێڕەوی بازرگانی دەدات. 

 لەم دواییانەدا دەوڵەتی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی داگیركاری بەرفراوانی لە باشووری كوردستان دەستپێكردووە و چووەتە قوڵایی دەڤەری دهۆكەوە.  پێشتریش دەوڵەتی توركیا لە باكوری سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان عەفرین و سەرێكانیێ و گرێ سپی داگیركرد. 

 دەوڵەتی توركیا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و پاراستنی "ئەمنییەتی"، مەبەستی خۆی بۆ كوشتنی كورد و نەهێشتن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی دەشارێتەوە. 

 توێژەر و نووسەری كورد، شۆڕش دەروێش، لەوتارێكدا دەڵێت ئامانجی ئابووری لە پشت هەموو داگیركارییەكی توركیاوە هەیە، واتە دەیەوێت بە كوشتنی كورد بەئامانجە ئابوورییەكانی خۆی بگات. 

 دەروێش لەبارەی ناوەرۆكی ئەو بابەتە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس وردەكاری زیاتر ئاشكرادەكات.

 شارپرێس: كاك شۆڕش، لە وتارەكەتدا باست لە خاڵێكی گرنگ كرد سەبارەت بە نیازی نهێنی دەوڵەتی توركیا لە ئۆپەراسیۆنە داگیركارییەكانیدا لە ڕۆژاڤا و باشووری كوردستان، دەتوانی بە كورتی ئەم مەبەستی توركیا ڕوون بكەیتەوە؟
 شۆڕش دەروێش: دەوڵەتی تورك بەڕاستی دەیەوێت مەبەستی داگیركاری و فراوانبوونی خۆی لەژێر ناوی بەرگریی نیشتمانی و شەڕی دژی پەكەكە بشارێتەوە.  بەڵام ئەگەر دۆخی فراوانبوونی توركیا هەڵسەنگێنین، بۆمان دەردەكەوێت كە پارتە فەرمییەكانی دەوڵەتی توركیا باسی ئەو ناوچانە دەكەن كە لە باكووری سوریا و باشووری كوردستان داگیریان كردووە، كە دەیانەوێت بیگەڕێننەوە بۆ ناو كۆماری نەتەوەیی.  لە هەمان كاتدا دەوڵەتی توركیا ڕۆڵی ئابووری لە سوریا دەپارێزێت، بەڵام بەشار ئەسەد دەبێ لە دەسەڵاتدا بێت.  واتە دەوڵەتی توركیا هەوڵ دەدات بچێتە ناو ئاوەدانكردنەوەی سوریا، یان ڕۆڵی دەبێت لە ڕێڕەوی بازرگانی بۆ دەوڵەتانی كەنداوی عەرەبی.  بۆیە توركیا دەبینێت ئەگەر ئەم هەوڵانەی بە قازانجی ئابوری خۆی سەركەوتوو نەبێت، داگیركاری سەربازی و ئەمنی لە ناوخۆی سوریا بەردەوام دەبێت. 
لە باشووری كوردستان تا ئێستاش ئامانجەكانی دەوڵەتی تورك لە موسڵ بوونی هەیە.  لەو چوارچێوەیەدا دامەزراندنی بنكەی داگیركاری لە پارێزگای دهۆك، ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی حكومەتی توركیا ئاشكرا دەكات، هەرچەندە توركیا بە بیانووی شەڕی پەكەكە ئەو كارە دەكات.  بۆیە ئامانجی سەرەكی ئەنقەرە، دووپاتكردنەوەی سەروەری ئابووری و بازرگانیی خۆی لەو ناوچەیە و هێنانی ڕێڕەوی بازرگانی لە عێراقەوە بۆ توركیا بخاتە ژێر سەروەری خۆیەوە.  ئەم مەبەستەی توركیا بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان ڕوون بووەوە.

 شارپرێس: ئایا دەتوانرێت بڵێین لە دوای هەر داگیركارییەك لەلایەن دەوڵەتی توركەوە سوودی ئابووری هەیە؟
شۆڕش دەروێش: بەڵێ چینێكی ئابووری لە توركیا هەیە كە هاوپەیمانی حكومەتن و هەمیشە بەدوای بازاڕی نوێ یان فراوانكردنی بازرگانی خۆیاندا دەگەڕێن.  بۆیە ئەم پرسە تەنها لە ڕێگەی ڕێككەوتنەوە بەدی نایەت، بەڵكو خوازراوە هێز بەكاربهێنرێت و فشار بخرێتە سەر سوریا و عێراق بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نزیك لە حكومەتی توركیا.  بۆیە ئامانجە ئابوورییەكان لەلایەن حكومەتی توركیاوە بەڕێوەدەبرێن و حكومەتی توركیاش بە بیانووی "جەنگ دژی تیرۆر" و "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی" ئەم ئامانجە ئابوورییانە دەشارێتەوە.

 شارپرێس: بۆچی دەوڵەتی توركیا هەمیشە كورد دەكاتە قوربانی لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی؟
شۆڕش دەروێش: بڵاوبوونەوەی كورد لەسەر سنووری باشووری توركیا بیانوویەكە بۆ ئەوەی توركیا داگیركاری فراوانتر بكات و شەڕ بكات، لەژێر پەردەی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی توركیا.  لەبەرئەوەی كورد دەوڵەتی نییە، گلەیی و ناڕەزایەتییەكانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بە جددی وەرناگیرێت، هەر ئەمەش وایكردووە كورد هەمیشە قوربانی بازاڕە ناوخۆییەكان بێت. 

 شارپرێس: ئایا دەبینیت پلانەكانی دەوڵەتی توركیا سەردەكەون، وەك ڕێككەوتن لەگەڵ ئەسەد و جێبەجێكردنی پرۆژەی "رێگای گەشەپێدان" و ئاستەنگەكانی بەردەمی چین ؟
شۆڕش دەروێش: زەحمەتە توركیا لەگەڵ ئەسەد بگاتە ڕێككەوتن، بەو پێیەی حكومەتی توركیا لە عەقڵیەتی داگیركاری و یاریكردن بەو سنوورە نێودەوڵەتییە بەردەوامە كە 100 ساڵە دروست بووە.  پێویستە ڕێككەوتنەكە لەسەر بنەمای كۆتایی هێنان بە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر سوریا بێت، ئەمەش مومكین نییە، چونكە ئەوانەی حكومەتی توركیا بەڕێوەدەبەن بێباكانە و بەدوای چارەسەری ڕاستەقینەدا ناگەڕێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی توركیا لەگەڵ دراوسێكانی.  هاوكات ئەستەمە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان جێبەجێ بكرێت، هۆكاری ئەمەش دۆخی ناوخۆی عێراقە كە پێویستی بە ١٧ ملیار دۆلاری ئەمریكی هەیە.  واتە دۆخی ئابووری عێراق زۆر سەختە و ناتوانێت كێشەكانی ئاو لەگەڵ توركیا چارەسەر بكات، هەروەها دەنگگەلێك لە عێراق هەن كە هاوكاری لەگەڵ توركیا ڕەتدەكەنەوە كە بەشێكی باشووری كوردستانی داگیركردووە.  لە هەمان كاتدا پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەبێ ڕەزامەندی ئێرانە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بازرگانی ئێران دەبێت، كەمترینیان بەندەرەكانی ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس.  لە هەمووی گرنگتر، پرۆژەكە ڕەنگە زیان بە پرۆژەی ڕێڕەوی هیندستان بگەیەنێت كە ئەمەریكا پاڵپشتی دەكات، ئەمەش ڕەنگە ڕێگە بە دەوڵەتانی كەنداوی عەرەبی بدات لەگەڵ ئیسرائیل ڕێكبكەون.  بەشێوەیەكی گشتی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە ڕووی بازرگانییەوە پاڵپشتی لە چین دەكات و ئەم بابەتە بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا ڕوونادات.