هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

25/07/2024‌ 15010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەڕاپۆرتێکدا کە سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لەئەمریکا ئەنجامیداوە، ئاشکرایکردوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەهۆی پارتی کرێکارانی کوردستان‌و یەکینەکانی پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌)وه‌ کە زۆرینەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنن، نایەوێت ڕوبەڕوی گرژی لەگەڵ تورکیا ببێتەوە.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەی کە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵدەدات لەمانگی ئابی داهاتودا ئەنجامی بدات، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)و هێزه‌كانى سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) دروستدەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕەتیدەکاتەوەو هەروەک پێکهاتەی دیمۆگرافی ناوچەکەش کە دەویسترێت هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامبدرێت مەترسیدارە.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوەکە ناڕەزایەتیی لەو ناوچانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی هەیە کە ئیدارەی خۆسەر بەنیازە لەحه‌وت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامبدات.

ئەوەش هاتوە، ئەمریکا لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە هۆشداریی بەئیدارەی خۆسەرداوە بەوەی ئەمریکا ئامادەنییە بەشێوەیەکی فەرمیی دان بەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا  بنێت، هەروەک ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەمریکا بەتەنگ پەیوەندییەکانییەوەتی لەگەڵ تورکیاو نایەوێت بەهۆی هێزە کوردییەکانی توشی گرژیی ببێتەوە لەگەڵیدا.

لەڕاپۆرتەکەدا پێشبینی ئەوەکراوە، ڕەنگە هەرگیز هەڵبژاردنی ناوخۆیی لەڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامنەدرێت، سەرەڕای دواخستنی بۆ مانگی ئاب.