شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق کاری دیلیڤەر لەنێو شارەکاندا ڕێکدەخات، هۆشداریشدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "لەڕابردودا، پیشەکە بۆ تاوانی کوشتنو بازرگانیكردن بەمادە هۆشبەرەکان بەکارهێنراوە".
میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە لیژنەیەکی باڵای بە مەبەستی ڕێکخستنی کاری گواستنەوەی ژەمی خێرا 'دیلیڤەری' لەنێو شارەکاندا پێکهێناوەو ئەو ئۆتۆمبێلو ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە ڕۆژانە ئهوکارە دەکەن.
لەبارەی هۆی پێکهێنانی لیژنەکە، میری وتویهتى، "وەزارەتەکە زانیاریی دەستكهوتوه، هەندێک کەس لەماوەی ڕابردودا ئەو پیشەیەیان بۆ هەندێک تاوانی کوشتن، دزیو بازرگانی بەمادەی هۆشبەر بەکارهێناوە، بۆیە بڕیاریانداوە کارەکە ڕێکبخەنەوە، بەشێوەیەک دەستی باندە تاوانکارەکانیان پێنەگات".
لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زانیاریی کەسیی شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێلو ماتۆرسکیلانە وەردەگرێت کە ڕۆژانە کاری دیلیڤەری دەکەنو لەفایلە ئەمنییەکانیان دەکۆڵێتەوە.
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕێکخستنی کاری دیلیڤەری، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کرێکارانی ئەو بوارە دەبێت، چونکە ئەگەر لەداهاتودا بەهەر هۆیەک، ڕێگاوبانەکان گیران، ڕێگەیان پێدەدرێت هاتوچۆ بکەن، بەوپێیەی لەلایەنی ئەمنییەوە ناسراون.