ئەو هەواڵەی میدیای فەرمی تورکیا لەبارەی کەرکوك بڵاویکردبووەوە، سڕییەوە

کوردستان

25/07/2024‌ 1843 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەرچەندە پێشتر میدیای فەرمی تورکیا ڕایگەیاندبوو، دوای 100 ساڵ تورکمانێك دەبێتە پارێزگاری کەرکوك، بەڵام هەواڵەکە لەلایەن تەرەتە، میدیای فەرمی حکومەتی تورکیاوە سڕایەوە.

کەناڵی (تەرەتە) کە میدیاى فەرمیى حکومەتی تورکیایە، لە زارى سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، لەسەر پۆستى پارێزگاری کەرکوک رێککەوتن کراوە و دوای 100 ساڵ تورکمانێک دەبێتە پارێزگار.

چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا بە کەناڵى "تەرەتە"ـى وتووە، بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا، "کورد، عەرەب و تورکمان" گەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک، کەناڵەکە روونی نەکردووەتەوە مەبەستى چ لایەنێکى کوردییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەم بابەتە لە پاش دوو کاتژمێر لە بڵاوکردنەوەی، لەلایەن کەناڵی تەرەتەوە سڕایەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەك بڵاوبکرێتەوە.