هەسەدە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

کوردستان

26/07/2024‌ 3957 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەنجوومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە چەند بڕیارێکی گرینگی دەرکرد.

 لەڕاگەیەندراوێکی هەسەدەدا هاتووە"ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانمان کۆبوونەوەی ئاسایی فراوانی خۆی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی مەزڵوم عەبدی و ئەندامانی فەرماندەیی گشتی، سەرۆکی ئەنجومەنەکان، جێگرەکان، و دامەزراوە فەرمییەکانی سەر بە هێزەکانمان."

 سەرەتای کۆبوونەوەکە بە پێداچوونەوە بە بارودۆخی سیاسی سوریا بە گشتی، و ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی دەستیپێکرد، کە تیایدا جەخت لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی کردەیی و داهێنەرانە و کراوە بەرامبەر بە هەموو پرسەکان، و ئامادەکاری بەردەوام بۆ هەر پێشهاتێک کرایەوە.

 لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دید و ئاراستەیە؛  لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا "دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی سوریادا پەرەپێبدات".

 سەبارەت بە هێرش و دەستدرێژیەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دووپاتکرایەوە کە "کار و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە".

  به وردی باس له بارودۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات له سەڕ ئاستی ناوخۆ و ڕێکخراوەیی کرا و ستایشی ”هەنگاوەکانی کردەیی کە هێزەکان لەڕووی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتوویانەتەبەر کرا”.

هەروەها “ڕۆژانە کار لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە پرسی دەستبەسەرکراوانی داعش و چارەسەرکردنی مەلەفی کەمپی هۆل”. 

 هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی کرا بۆ ئەوانەی لە ئەرکی بەرگریکردن و سەربازی خۆیان هەڵدێن.

 لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕەزامەندی لەسەر "زیادکردنی ماوەی گرێبەستی پەیوەستبوون بە هێزە سەربازییەکان بۆ سێ ساڵ، جگە لە چڕکردنەوەی خولی سەربازی و پسپۆڕی بەتایبەتی بۆ شەڕڤانانی نوێ درا.

 هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک لەسەر ئاستی سەربازی تاوتوێ کرا، لەوانە  “چالاکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕوو لە زیادبوون دەکات و سەرجەم دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانمان هەموو دەسەڵاتێکیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زیاتر بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش".

 لەسەر ئاستی پەیوەست بە دۆخی سەربازی؛  لە کۆبوونەوەکەدا "ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دزەکردن کە لەلایەن بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا لە مەنبەج و زەرکان ئەنجامدراون و ئەو زیانانەی کە هێزەکانمان بەسەر ڕیزەکانی بەکرێگیراواندا هێناویانە بە نرخێنرا".