ته‌قه‌ له‌باره‌گاى پارتى كرا

کوردستان

27/07/2024‌ 2000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە له‌شارى كه‌ركوك تەقە لەبارەگای لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا کە دەکەوێتە پشت بازاڕی ئەحمەد ئاغاو سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكرایده‌كات، هیچ زیانێکی نەبوە.

 
ئارام جەباری کارگێڕی لقی 3ی پارتی ڕایگەیاند، "لەئاراستەی پشتی بارەگای لقی 3وە دەستڕێژی گوللە لەبارەگاکەمان کراوە، پاسەوانەکانی بارەگا دەستبەجێ وەڵامیان داوەتەوەو هیچ زیانێکی نەبوە".
 
بەوتەی کارگێڕی لقی 3ی پارتی، "تەقەکەرەکان پیادەبون‌و دوای تەقەکردن لەبارەگای لقی سێ هەڵاتون، دوای ڕوداوەکەش هێزێکی ئەمنیی هاتن بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە بکەن‌و وردبینی لەکامێراکانی چاودێری دەکەن".
 
لەسەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردودا، دوای شەش ساڵ دابڕان لەکەرکوک، پارتی بارەگای لقی 3ی وەرگرتەوەو کاری ڕێکخستنی تێدادەکات.