زانیاریى نوێ له‌باره‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر لقى سێى پارتى له‌كه‌ركوك ئاشكرابوو

کوردستان

27/07/2024‌ 9338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكەركوك زانیاریى نوێ له‌باره‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر باره‌گاى حزبه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ره‌تا هه‌وڵدراوه‌ خاڵێكى باره‌گاكه‌مان كۆنترۆڵبكرێت‌و دواتر چه‌كداره‌كان بێنه‌ ناوه‌وه‌".


محەمەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى وتوه‌، "كاتژمێر سێى بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنزیك بارەگای لقەکەمان لەدوو شوێنی جیاوازەوە بەقەناس‌و دەستڕێژى گوله‌، تەقەمان لێکرا، به‌ڵام پاسەوانەکانمان وەڵامیاندانەوەو شەڕ ڕویدا".

به‌وته‌ى محه‌مه‌د كه‌مال، "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانانى بارەگاکە بوە کە یەکەمجار تەقەیان لەوێ كردوه‌ بۆ ئەوەی بتوانن له‌وێ,ه‌ بێنە نێو لقەوەو دواتر کردەوەی تیرۆریستی ئه‌نجامبده‌ن".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، ئه‌و هێرشه‌ هیچ زیانی گیانی نەبوە، بەڵام پێشهاتێکی خراپەو پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەبابەتەکە بکرێت.

لەسەرەتای مانگی (12)ی ساڵی ڕابردوەوە، دوای شەش ساڵ به‌جێهێشتنى شاره‌كه‌، دواتر پارتی دیموكراتى كوردستان بارەگای لقی سێى وەرگرتەوە له‌كه‌ركوك وەرگرتەوە.