بۆچی سودانی گرنگی بەپێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەدات‌و ئەنجومەنی پارێزگای دیالەی پشتگوێخستوە؟

عیراق

27/07/2024‌ 1681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنی ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی "سودانی خۆی  لەبەشداریکردن لەململانێی مالیکی‌و عامری لەدیالە بەدوردەگرێت‌و هەوڵەکانی بەرەو کەرکوک ئاڕاستە دەکات"، بڵاوکردوه‌تەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، سودانی لەترسی تێوەگلان لەململانێ کەسایەتییە بەهێزەکانی عێراق، هەوڵدەدات لەنێوان مالیکی‌و عامری نێوەندگیریی بکات‌و لەکێشەکانی نێوانیان لەپرسی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە خۆی بەدوردەگرێت.


ڕۆژنامە عەرەبییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا  ئاماژەی بەوەکردوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانی خۆی خستوه‌تەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لەکەرکوک دوای زیاتر لەنیو ساڵ لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاتێکدا خۆی لەدەستوەردان لەدیالە بەدوردەگرێت بۆ ئەوەی ململانێی نێوان نوری مالیکی‌و هادی عامری دروستنەبێت، کە دوو کەسایەتی کاریگەرن لەناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە.

ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردوەتەوە، ململانێی دیالە لەدەوری یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگار دەسوڕێتەوە لەنێوان ڕێکخراوی بەدر کە لەئێستادا لەڕێگەی موتەننا ئەلتەمیمیەوە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات‌و دەیەوێت لەدەستیدا بمێنێتەوە، بەڵام دەوڵەتی یاسا بەپشتبەستن بەڕێککەوتنەکانی پێشوی لەگەڵ ڕێکخراوی بەدر داوای ئەو پۆستە دەکەن، هەرچەندە هیچ ئەندامێکیان لەو پارێزگایە دەرنه‌چوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، مالیکی پێشتر هۆشداریی بەسودانی داوە لەدەستوەردان لەململانێی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە نەکات، بۆ ئەوەی دوربکەوێتەوە لەهەرچەشنە لایەنگرییەکی گوماناوی سەرۆک وەزیران بەرامبەر بەهادی عامری.