پارتیه‌ك ده‌بێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك‌و مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر یه‌كێتى ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

27/07/2024‌ 7976 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامه‌نوسێك ئاشكرایده‌كات، دوا پەرەسەندنەکان لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک، بەئاراستەی ئەوەیە کە یەکێتی سەرباری ئەوەی هێزی براوەیە، لەهاوکێشەکە ئاوت کرابێ، ده‌شڵێت:"ڕێكه‌وتنێكى نهێنى هه‌یه‌، له‌نێوان، پارتی، عەرەب‌و تورکمان لەماڵی خەمیس خەنجەر لەکەرکوک، کەسێک لەکوتلەی عەرەبی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو پارتیه‌كیش ده‌بێته‌ پارێزگار".


ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامه‌نوس له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى، "دوا پەرەسەندنەکان لەبارەی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک، بەئاراستەی ئەوەیە کە یەکێتی سەرباری ئەوەی هێزی براوەیە، لەهاوکێشەکە ئاوت کرابێ".

ڕاوێژکارانی سودانی لەلێدوانەکانیاندا بۆ مێدیاکان باس لەوەدەکەن، لە 20 ڕۆژی داهاتودا، پارێزگارى كه‌ركوك دیاریدەکرێت‌و لایەنەکانیش لەسەر میكانیزمى ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار ڕێککەوتون، بەڵام ڕێبوار كه‌ریم وه‌لى نوسیویه‌تى: چۆن؟

له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"هەوڵدان بۆ ئاوتکردنی پارتی لەئیدارەی موسڵ، تاڵەموی معاوییەی نێوان یەکێتی‌و پارتیی پچڕاند؛ یەکێتی دەستی پارتیی لەکەرکوک واڵاکردو کەرکوکی لەسەر سینیی زێڕ پێشکەشکردن، بەگوێره‌ى ڕێکەوتنی نهێنیی نێوان، پارتی، عەرەب‌و تورکمان لەماڵی خەمیس خەنجەر لەکەرکوک، لەچەند شەوی ڕابردودا، کە ئیمزای نۆ ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی لەسەرە، کەسێک لەکوتلەی عەرەبی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، دڵشاد پیرۆت لەپشکی پارتی‌و کورد دەبێتە پارێزگار، پۆستەکانیش وا داندراون کە ئاڵوگۆڕ بێ لەنێوان سێ پێکهاتەدا هەریەکەی بۆ ساڵ‌و نیوێک".

ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەگەر ئەوە سەربگرێت، ئەمە سەرەتای گەورەترین شکستە بۆ یەکێتی‌و ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لەکوردستاندا دەبێ‌و بەتایبەتیش لەئاستانەی هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا، مەعلوم نییە کە ئەوکات یەکێتی بەچ ڕویەکەوە دەتوانێ داوای دەنگ لەخەڵک بکات!؟".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌،  ئەحمەد کۆپرلو ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو وتویه‌تى، "هەفتەى داهاتوو محەممەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران لەگەڵ نوێنەرانى تورکمان لەئەنجومەنى پارێزگا کۆدەبێتەوەو تاووتوێى پرسی پێکهێنانى حکومەتی خۆجێیی کەرکوک دەکەن".

پێنجشەممەى ڕابردوش، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوەوە.

 11ى تەمموز ئەنجومەنى پارێزگا یەکەم کۆبونەوەى کرد، بەگوێره‌ى یاسا دەبێت لەماوەى 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت.
 
تورهان موفتى ڕاوێژکارى سودانى بەمیدیای فەرمیى عێراقى ڕاگەیاندوە، لە 20 ڕۆژى داهاتودا پرسی پۆستى پارێزگارى کەرکوک یەکلادەبێتەوە.
 
یەکێک لەسیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە پۆستى پارێزگار لەنێوان کوردو عەرەب بەنۆرە بێت، بەوتەى تورهان موفتى پێشبینیدەکرێت پۆستەکە بەو شێوەیە بەڕێوەببرێت، کە خاڵى گرنگ لەپێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی‌و نەرمى نواندن بۆ پۆستەکانى دیکە هەیە.