ئەو سەرۆکەی بە هەژاری و قەرزداری کۆچی دوایی کرد

مەلەفی تایبەت

21/08/2024‌ 1367 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گۆران هەڵەبجەیی

[یولیس ئێس گرانت ]وەک یەکێک لە سەرۆکە دیارەکانی مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پۆلێن دەکرێت. ئەم ژەنەراڵە لە نێوان ساڵانی ١٨٦١ بۆ ١٨٦٥ بەشداری شەڕی ناوخۆی کرد و لە زۆر شەڕی چارەنووسسازدا سەرکردایەتی  هێزەکانی یەکێتی لە دژی کۆنفیدڕاڵەکان کرد.
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٨٦٨، یولیس گرانت بووە هەژدەهەمین سەرۆک لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیەکەیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵاوسان و قەیرانی زۆری لە بواری سیاسی و ئابووریدا بەخۆیەوە بینی.
هەر بەم هۆیەوە یولیس گرانتیش دووچاری مایەپووچی بوو ،ئەو کۆمپانیایەی تایبەت بوو بە بازرگانی لەبواری کشتوکاڵیدا ،کە بەر لە بەسەرۆک بوون بەچەندین ساڵ خاوەنداری دەکرد، لەماوەیەکی کوورتدا هەموو سەرمایەکەی لەدەستدا،هاوکات بوو بەژێر قەرزێکی زۆرەوە.
نەگبەتی ئەم سەرۆکە بەوە کۆتایی نەهات بەڵکو لەپاڵیدا دووچاری [شێرپەنجەی قوڕگ] بوو ،بۆیە ناچار بوو لە کۆتایی تەمەنیدا بەرەنگاری هەژاری و  و شێرپەنجە ببێتەوە.



لەم نێوەندەدا یولیس گرانت هاوسۆزی زۆرێک لە ئەمریکییەکانی وەرگرت وە لەڕووی داراییەوە  یارمەتیاندا، بەڵام نەیتوانی هەموو قەرزەکانی پێبداتەوە.
گرانت بۆی دەرکەوتبوو کە نەخۆشییەکەی لە قۆناغی کۆتاییدایە و ڕۆژەکانی ژمارەیان بۆ کراوە.

لە لایەکی ترەوە گرانت بە کێشەی دارایی ڕاهاتبوو. بەهۆی شکستی پێشووی لە بواری کشتوکاڵ و خانووبەرەدا، پێش شەڕی ناوخۆ گرانت لە کابینەیەکدا دەژیا و بۆ ماوەیەک وەک دارفرۆشێک لە شەقامەکانی سانت لویس کاریدەکرد.

هەر لەبەر ئەمەش گرانت بەهۆی  نزیکبوونەوەی مردنی ،ترس و نیگەرانی دایگرتبوو ،لەوەی  نەکا هاوسەرومنداڵەکانی بەقەرزاری وبەبێ پشتیوانی دارایی بەجێبهێڵێت.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە سەختە داراییەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ لەدەستدانی موڵک و ماڵی،  بۆ چارەسەری ئەم دۆخە داراییە  یولیس گرانت ڕووی کردە نووسینی بیرەوەرییەکانی ،بەتایبەت سەبارەت بە قۆناغی شەڕی ناوخۆ و قۆناغی سەرۆکایەتی.

هەروەها گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێک لەدەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە واژۆ کرد کە {مارک توین }دامەزراندبوو، کە ئەویش قەرزی زۆری لەسەر بوو .بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانی سەرەتا بڕە پارەیەکی لەمارک وەرگرت کە بە هەزار دۆلار مەزەندە دەکرا.

بەپێی کۆمەڵێک خەمڵاندن، ڕۆژانە بە مەزەندە ١٠ هەزار وشەی نووسیوە، و بەردەوام بووە تا دەستی زۆر لاواز بووە و نەیتوانیوە لەنووسین  بەردەوام بێت.مەبەست لەم پەلەکردنەش کۆتایی پێهێنان بووە بەو یاداشتانە بەر لەمردنی.

نەخۆشیەکەی بەئەندازەیەک زۆری بۆ هێنا چیتر ئەو   نەیدەتوانی بە باشی بخوات و قسە بکات، هەرکاتێک دەمی دەجووڵاند هەستی بە ئازارێکی زۆر دەکرد.

بە پێی ئامۆژگارییەکانی ژمارەیەک لە پزیشکەکانی، گرانت ڕووی لە هاوینەهەواری شاخاوی باکووری ساراتۆگا کرد.

چەندڕۆژێک بەر لە مردنی، مارک توین  سەردانی گرانتی کرد و پێی گووت کە ١٠٠ هەزار دانە لە بیرەوەرییەکانی فرۆشراون.ئەمەش ئاسودەی کردو خۆشترین مژدەی بەر لەمردنی بوو،چونکە دڵنیابوو کەهاوژین و منداڵەکانی بەقەرزاری بەجێناهێڵێت.
لە ٢٣ی تەمموزی ١٨٨٥، یولیس گرانت لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پاش مردنی 300 هەزار دانە لە بیرەوەرییەکانی فرۆشران، ئەمەش نزیکەی 450 هەزار دۆلاری بۆ هاوسەر و منداڵەکانی دابینکرد، کە هاوتایە بە 12 ملیۆن دۆلار لە  ئێستادا.

خۆڵاسەی کەلام
سەرۆکێک کە بە دارفرۆشتن لەسەر شەقام و بەشداری لەجەنگی سەربەخۆییدا و پاشان جۆرەها کاسپی گەشتبێتە پۆستی سەرۆکی مەزنترین وڵات،دەمێکیش  بەهۆی مایە پووچیەوە بۆدریژەدان بەژیان پێویستی بەپارەدەبێت،داوای لە دەوڵەت نەکردوە هاوکاری بکەن،یاخود دەستی نەبردوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت،کەواتە ئەو مرۆڤە شایستەی ڕێزە.تەنها شتێک کە پەنای بۆبرد نووسینەوەی بیرەوەریەکانی بوو کە بەپاکی هێشتیەوە.
ئومێدەوارم  ڕابەرو سەرکردە حیزبی و حکومیەکانمان لەکوردستان وانەیەک لەمە فێرببن ،کە دڵنیام هیچ فێرنابن و گاڵتەیشیان پێدێ.
سەرنج/ ئەم بابەتە بەدەستکاریەوە لە ماڵپەڕی[العربیە حدس] وەرگیراوە.

بەپەلە