كه‌شتیه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ى ئه‌مریكا گه‌یشته‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

جیهان

22/08/2024‌ 3646 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەشتیی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن‌و گروپی کەشتییە شەڕەکەرەکانی، گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەمەش مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو پێکدادانی سەربازیی هەرێمیی زیاتر دەبێت.


فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوەتەوە، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن کە فڕۆکەی جەنگی F-35Cو F/A-18 Block 3ی هەڵگرتوە، گەیشتە سنوری دەسەڵاتی فەرماندەیی سێنتکۆم.

ئاماژەی به‌وه‌شداوە، لینکۆڵن سێیەم کەشتیی جەنگی‌و فڕۆکە هەڵگری وێرانکارە، کە گروپێکی کەشتیی جەنگی یاوەری دەکەن، لەنێویاندا Destroying 21و فڕۆکە هەڵگری CVW-9 هەن.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەسەرەتای ئەم مانگەوە بۆ پشتیوانیی لەئیسرائیل‌و پارێزگاری لەهێرشی گروپەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی بڕیاری جوڵاندنی کەشتیگەلی لینکۆڵینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد، دواتر لە 11ی ئاب، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، لۆید ئۆستن فەرمانیکردوە کەشتیی لینکۆڵن‌و کەشتییە جەنگییەکانی یاوەری هەرچی زوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەونەڕێ.

لەدوای کوژرانی هەریەک لەفوئاد شکور سەرکردەی حزبوڵڵا لەبەیروت‌و ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەتاران‌و هەڕەشەکانی حزبوڵڵاو ئێران لەتۆڵەسەندنەوە، لەلایەک‌و لەنگەرگرتنی هەردوو کەشتیی فڕۆکە هەڵگرو جەنگیی ئەمریکا (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن‌و یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت-71) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترس‌و نیگەرانییەکانی ئاڵۆزتربونی دۆخی ناوچەکەو دروستبونی شەڕێکی هەرێمی دوو هێندەبون.

بەپەلە