چه‌ند بڕیارێكى به‌په‌له‌ له‌لیژنه‌ى ئه‌منى سلێمانیه‌وه‌

کوردستان

22/08/2024‌ 6968 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبڕیاری لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، هەموو دامەزراوە حکومییەکان بێلایەن دەبن لەهەڵمەتی هەڵبژاردن، هەروەها زەمینەیەکی لەبارو هاوسەنگ بۆ کاندیدی هەموو لیست‌و قەوارە سیاسییەکان دەڕەخسێنرێت.


بەگوێرەی نوسراوێکی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی بڕیاردراوە، هەموو دامەزراوە حکومییەکان بێلایەن بن لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکان‌و هیچ دامەزراوەو کەلوپەل‌و توانستێکی مرۆیی، ماڵیی، دارایی‌و لۆجیستی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان‌و لەبەرژەوەندیی هیچ كاندید، لیست، قەوارەو هاوپەیمانێتییەک بەکارنەهێنرێت.

لەنوسراوەکەی لیژنەی ئەمنی سلێمانیدا ئاماژەبەوەشکراوە، زەمینەیەکی هاوسەنگ‌و هاوبەشی لەبار بۆ هەموو كاندید لیست، قەوارەو هاوپەیمانێتییە بەشداربوەکانی هەڵبژاردن، بەگوێره‌ى یاساکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕەخسێنرێت.

هه‌ر له‌و نوسراوه‌دا ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەهەماهەنگیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆن، ڕێنمایی پێویست بۆ دیاریکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان‌و دوای هەڵبژاردنەکان دەربکات‌و پێویستە هەمولایەک پابەندی ئەو ڕێنماییانەبن.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى نووسراوەکەدا هاتوه‌، "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و کۆبونەوەی جەماوەرییی لەو شوێنانەدا ناکرێت کە هاتوچۆی گشتی‌و نەزمی گشتی ڕادەگرن، شوێنی تایبەت بەبانگەشە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی‌و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی‌و ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دیاریدەکرێن".

لەبڕیارەکانی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی ئاماژەبەوەشکراوە، هەموو فەرمانگەکانی ئەندام لەلیژنەی ئارامیی هەڵبژاردنەکان‌و فەرمانگەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم لیژنەیەش پشتیوان‌و هاوکاری ئۆفیسی سلێمانییەوە دیاریدەکرێن، هیچ هەڵمەتێکی هەڵبژاردن‌و بانگەشەیەکیش لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا ناکرێن‌و لەکاتی دەوامی فەرمییدا هیچ کارمەندێک مافی بانگەشەکردنی نییە.

بەپەلە