شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لەسوریا، تا 21ی ئابی 2024 ژمارەی ئەو سوریانەی کە بەدەستی ژەندرمەکانی تورکیا کوژراون بۆ 566 کەس بەرزبوەتەوە کە 106یان منداڵو 69یان ژنن، جگەلەوەش سێ هەزارو 108 کەسی دیکەش کە دانیشتوی گوندەکانی تەنیشت ناوچە سنورییەکانو جوتیارن، لەئەنجامی بەکارهێنانی هێزی کوشندە لەدژیان برینداربون.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم پێشێلکاریانە پێچەوانەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی تورکیان، وەک ڕێککەوتننامەی ژنێڤی ساڵی 1951 کە تایبەتە بەدۆخی پەنابەران، کە گەرەنتی پاراستنی پەنابەرانو دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆیان دەکات.
بەڵگەنامەکە پشتڕاستیدەکاتەوە، بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی کۆچبەران پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە کە ئەمە قەدەغە دەکەن.
هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا تیشکخراوەتەسەر ئەوەی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ژمارەی گیانلەدەستدانو برینداران لەسەر دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، بەشێوەیەک لەساڵی 2023دا، 41 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەساڵی 2022شدا 48 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگەلەوەی بەشێکی زۆر لەخەڵکی مەدەنیی بەسەختی برینداربون یان کەمئەندامی هەمیشەیی بون.
لەڕاپۆرتەکەدا داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەنەتەوەیەکگرتوەکانو یەکێتیی ئەوروپاش دەکرێت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ فشارخستنەسەر تورکیا بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە ڕابگرێت، هەروەک جەخت لەسەر پێویستی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانو گەیاندنی تاوانباران بۆ دادگا دەکرێت، ئەوە جگە لەدڵنیابون لەپابەندبونی تورکیا بەپاراستنی مافی کۆچبەرانو کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی پێشوازیکردنیان.
ڕێکخراوەکە پێیوایە، ئەوەی لەسەر سنوری تورکیاو سوریا دەگوزەرێت تاوانێکی دژ بەمرۆڤایەتییەو پێویستە جیهان ڕێوشوێنی کاریگەر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە بوەستنو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەرپرسان بکرێت.