لەژێر فشاری ئێران‌و حزبوڵڵا بەشار ئەسەد هێرشده‌كاته‌سه‌ر هه‌سه‌ده‌

کوردستان

22/08/2024‌ 4589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نەواف خەلیل، بەرێوەبەری ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرلین بۆ شارپرێس راگەیاند: ھەر کاتێک  بەرژەوەندی و خواستی جیاوازی رژێمی سوریا، ئێران و رووسیا لە سوریا دروست دەبن حکومەتی بەشار ئەسەد ھەوڵدەدات لە مەلەفێکی دیکە قەرەبووی گوێنەگرتنی داواکارییەکانی ئێران و رووسیا بکاتەوە.

نەواف خەلیل بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان ماوەی دە مانگە فشارێکی جدیی ئێران و حزبوڵڵا لەسەر حکومەتی سوریا ھەیە، بۆئەوەی ببێتە بەشێک لەو شەڕەی ئێران دەیەوێت لە ناوچەکە دروستیبکات، ھەر وەک چۆن لەچوارچێوەی بەرەی مقاومەدا لە یەمەن، لوبنان و ئێراق ھێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ئێراق و سوریا.

"حکومەتی سوریا نایەوێت بەشداری شەڕی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات".

نەواف خەلیل وتیشی: حکومەتی سوریا نایەوێت بەشداریی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بکات، بۆیە بە ھاوکاریکردن و ھاندانی گروپە چەکدارەکان رۆژئاوای فورات بەشداری ھێرشەکانی سەر بنکەو بارەگاکانی ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک ھەسەدە ببێت بۆ رازیکردنی ئێران و راگرتنی ھاوسەنگی ھێز، بەڵام ھێرشەکانی گروپی عەشائیری و بەرگری نیشتیمانی کە سەر بە حکومەتی سوریان ناتوانن بەردەوام ببن و شەڕی کورد و عەرەب و بەگژداچونەوەی گروپە عەرەبییەکان دژی ھەسەدە سەرناگرێت و پێشتریش و بە دیاریکراوی لە مانگی ئابی 2023 ئەم ھەوڵانیان داوە و شکستیان ھێناوە چونکە نیزیکەی لە 55٪‏ چەکدارانی ھەسەدە سەر بە نەتەوەی عەرەبن و ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئیدارەی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا نیە.
 
بەرێوەبەری ناوەندی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرلین باسی لەوەشکرد: ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی رۆژھەلاتی فورات لە دێرەزور کە لەژێر دەسەڵاتی ھەسەدە دایە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارێزگایەکی گەورە و گرنگی جیۆپۆلیتیکی ھەیە و سنوری عێراق و سوریا  بەیەکەوە گرێدەدات، بنکەو بارەگای سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەوێ ھەن، ھەروەھا گەورەترین کێڵگەی نەوت و گازی لێیە، بەڵام زۆر ئەستەمە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ھەسەدە دان کۆنترۆڵبکرێن.

رۆژی چوارشەممە ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند: "لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی ڕژێمی سوریا، کۆمەڵکوژییەک لە دژی گوندەکانی جەدیدەباگرا و دێهلێ ڕوویدا، لەم کۆمەڵکوژییەدا 11 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و 5 هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتوون، دوای ئەم ھێرشانەی گروپی عەشیایری و بەرگری نیشتمانی سەر بە رژیمی سوریا بۆ سەر بنکەکانی ھەسەدە لە دێرەزور، بە مەبەستی ناوبژیوانی و وەستاندنی شەڕ فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئەفسەرانی سوپای سوریا لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و فەرماندەکانی هەسەدە کۆبوونەتەوە و بارودۆخی دێرزوریان تاوتوێ کردووە، بەڵام نەگەیشتنە ھیچ رێککەوتنێک بۆ وەستاندی شەڕ لەو پارێزگایە.

بەپەلە