هاوکاری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان زیاتر دەکرێت

کوردستان

22/08/2024‌ 561 جار خوێندراوه‌ته‌وه


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کیڤن لیهی، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق  و سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان تاوتوێ کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک،لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە  لە هەولێر بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ستێڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە ژەنەراڵ کیڤن لیهی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.

هەروەها ستایشی ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانانی کرد کە رۆڵی گرنگی بینی لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان. هیواشی خواست فەرماندەی نوێی هاوپەیمانان لەسەر هەمان رێچکە بەردەوام بێت.

لەلای خۆیەوە ژەنەراڵ کیڤن لیهی، جەختی کردەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە. جەختیشیان کردەوە لەسەر کاری هاوبەش لەپێناو عێراقێکی سەقامگیر و کوردستانێکی یەکگرتوو و بەهێزدا.

بەپەلە