هۆشداری لە مەترسیداری شەڕە میدیاییەكەی پارتی و یەكێتی دەدرێت

ڕاپۆرت

28/08/2024‌ 2486 جار خوێندراوه‌ته‌وه



چەند رۆژێكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چوونە قۆناغێكی نوێی شەڕی میدیایی شەڕێك لەسەر ئاستی میدیا فەڕمی و سێبەرەكان، وتەبێژو بەرپرسانی هەردوولا، لەپاڵ سەرچاوەی نادیاری هەردوولادا بەڕێوەدەچێت.

لەم هەڵمەتە میدیاییەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی پارتیان بە ئامانجگرتووە بەهۆكاری زۆرێك لە كێشەكانی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكانی دەزانن.

هەروەها یەكێتی هەڕەشەی وەرگرتنەوەی حكومەت و شاری هەولێر لە پارتی دەكات لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا.

لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر چەند ئاستێكەوە وەڵامی یەكێتی دەدەنەوە و وێڕای بەرگری لە مەسرور بارزانی، سوربوونی خۆشیان لەسەر رێگری لە هەر هەوڵێك بۆ دەرهێنانی هەولێر لەژێر دەستی پارتی بە دووپات دەكەنەوە و ئەوە بەخەون دەزانن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە 31ی ئابی 1996 كە چەند رۆژێكی دیكە ساڵرۆژەكەیەتی لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و بەهاوكاری حكومەتی ئەو كاتی عێراق بەگرتنەوەی هەولێر كۆتاییان بە گووشارەكانی یەكێتی هێنا بۆ سەریان.

ئەم بابەتە لەگەڵ نزیكبوونەوە لەهەڵبژاردنەكاندا شەڕی مێدیایی پارتی و یەكێتی هێندەی دیكە توند كردووە.

ئەوەی چاودێرانی دۆخەكە لەهێرشەكانی یەكێتی و پارتی بۆ سەر یەكدی دەخوێننەوە بریتیە لەبوونی ناوەرۆكێكی زۆر تووندی دوور لە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ و كێبڕكێی سیاسی، بەڵكو بەزمانی شەڕی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەكدی دەكەن و هێرش دەكەنەسەر سەركردەكانی یەكتر.

بەهۆی ئەم شەڕە میدیاییەوە بەگوێرەی زانیارییەكان كۆبوونەوەی ئەم هەفتەی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی چوارشەممەدا هەڵوەشاوەتەوە.

لەكاتێكدا مووچەخۆران نزیكەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و چەندین كێشە لەگەڵ بەغدا سەریانهەڵداوە، حەشدی شەعبی هێرشی كردووە و سووپای توركیا لەشكركێشی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێم كردووە و ناوچەیەكی زۆری دیكەش لەژێر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیادان، ئێرانیش گووشارەكانی زیاتر كردووە بۆ داخستنی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان یەكێتی و پارتی بەم شەڕە میدیاییە رەوشەكە هێندەی دیكە ئاڵۆز دەكەن.

چاودێران پێیانوایە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چوونە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ئەم شەڕە گەرمتر دەبێت، لەم كاتەشدا هیچ رۆڵێك بۆ حیزبەكانی دیكە نامێنێتەوە لە بەڕێوەبردنی كێبڕكێی هەڵبژاردن و دروستبوونی مەترسی لەسەر پرۆسەكە.

 شرۆڤەكاران هۆشداریدەدەن بەردەوامی دان بەم شەڕە میدیاییە جگە لە دروستكردنی مەترسی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، مەترسی دیكەش بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان و كۆی سیستمی حكومڕانی دروستدەكات، بەتایبەت كە ئەم دوو حیزبە خاوەن هێزی ئەمنی و چەكدارن و جۆرێك لە دووئیدارەیی هەیە.

شرۆڤەكاران دەڵێن لەسەر یەكێتی و پارتی پێویستە كە رەوشێكی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەكە بەشێوەیەكی دیموكراسی و دور لە توندوتیژی بڕەخسێنن وەك دوو لایەنی دەسەڵات، نەك پرۆسەكە بخەنە مەترسییەوە.