ئاوات شێخ جەناب وەڵامێکی تووندی سەعدی پیره دەداتەوە

کوردستان

05/09/2024‌ 2289 جار خوێندراوه‌ته‌وه



  وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی وەڵامی وتەبێژی یەکێتی دایەوە، سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی مووچە و دەسەڵاتەکانی  وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا.

 وەزیری دارایی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، لە وەڵامی لێدوانەكانی سەعدی پیرە دەڵێت: ''ئەو کاکەیە بێخەبەرە'و زانیاری ناڕاستی پێدراوە. قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات، بەداخەوە ئەو کاکەیە بێ خەبەرە، چونکە جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزە، نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیادناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی مووچە و قوتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە. بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین، 'سیحەتت باشە؟' چونکە وانیە."

ئاوات شێخ جەناب دەڵێت "بەداخەوە وتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە یان ئەو کەسانەی ئەو زانیاریەیان بۆ کاک سەعدی گواستووەتەوە ڕەنگە ڕاستگۆ نەبووبن."

وەزیری دارایی لەوەڵامی تۆمەتبارکردنیشیان لەلایەن وتەبێژی یەکێتییەوە بەوەی دەسەڵاتیان لە پارێزگای سلێمانی وەرگرتووەتەوە ڕایگەیاند: "زۆر سەیرە وتەبێژ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام خۆی ئامادە نەکردبێت، پێویستبوو پێش چاوپێکەوتنەکە کاک سەعدی هیچ نەبێت پرسیاری لە پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و وەزیرەکانی حزبەکەی بکردایە، ئەوسا بۆی دەردەکەوت کە ئێمە دەسەڵاتمان لە سلێمانی وەرگرتووەتەوە یان پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەوەی لەماوەی ئەم 5 ساڵە ئێمە لەوەزارەتی دارایی بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاو قەزاو ناحیەکان و وەزارەتەکان و نەهێشتنی جیاوازی و نادادپەروەری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردوومانە لەهیچ کابینەیەک نەکراوە، بۆیە دیسانەوە بەکاک سەعدی دەڵێم، 'سیحەتت باشە ڕەوف؟'".

ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، "دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت کۆمەڵێک کێشەی فەنییە، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی مووچە بووە بە سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا".