"مووچە دواکەوتن و پاشەکەوت دەستیپێکردووەتەوە"

کوردستان

05/09/2024‌ 10994 جار خوێندراوه‌ته‌وه




 مەڵبەندی 3 ی هەولێری یەکێتی لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، دوای دوو مانگ زیاتر ، هێشتا موچەخۆران  موچەیان وەرنەگرتووە ، بێگومان فشارێکی زۆری نەبوونی و تێکچوونی بەرنامەی بژێوی ژیان لەلایەك و لە ڕووی دەروونیشەوە فشارێکی زۆری لەسەر کۆی خێزانەکان و تەنانەت جوڵەی بازاڕیش دروستکردووە .

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناکرێ لایەنی پەیوەندیدار ئەوەندە خەم ساردبێت و وەبیرتان دێنینەوە کە ئێستا  کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانە ، هەموو خێزانەکان بەتایبەت موچەخۆران ، ژمارەیەك قوتابی و خوێندکاریان هەیە  بەتاڵبوونی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەش هەر وەکو ئەوەیە موچە دواکەوتووە ، یاخود دیسان پاشەوکەتی دەکەنەوە .

دەشڵێت، لەدوێنێ شەو و لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ تا ئەم ساتەوەختەش ، موچەخۆران ڕیزیان بەستووە بۆ ئەوەی موچەی مانگی حەوت ڕابکێشن ، بەڵام ئامێرەکانی هەژماری من پێیان دەڵێ ببوورن پارەمان نییە، وەزارەتی دارایی و حکومەت ، ئەم عەزاب و سزا دەروونیە چیە بەسەر موچەخۆراندا سەپاندووتانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەبەستتان چیە لەم هەموو سوکایەتی و ئازارە دەروونی و تووندوتیژیە داراییەی لەبەرامبەر موچەخۆران پەیڕەوی دەیکەن ؟ ئەگەر پێتان وایە ، لەم ڕێگەیەوە دەتوانن خەڵك سووك و ڕیسوا بکەن و کەسایەتی و نەفسیەتیان بشکێنن ، دەبێ باش بزانن ، خەڵکیش لەڕۆژی 10/20 وەڵامی ئەم هەموو سوکایەتی و سزایەتان دەداتەوە .

بەپەلە