شارپرێس:
نیگەرانییەکان لەناو پارتی دیموکراتی ئەمریکادا پەرەدەسەنن سەبارەت بەدابەزینی پشتیوانییە تەقلیدییەکان بۆ ئیسرائیل، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنە بەراییەکان.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، پێش هەڵبژاردنە بەراییە چاوەڕوانکراوی ساڵی داهاتوو و هەڵبژاردنە بەراییەکانی سەرۆکایەتی لەساڵی 2028، ژمارەیەکی زیاتر لەسەرکردە دیموکراتەکان هەوڵدەدەن هەنگاوێک لەحکومەتی ناتانیاهۆ دور بکەونەوە، بەئامانجی ڕِێگریکردن لەوەی هەڵوێستەکانی دژە ئیسرائیل ببێتە پرسێکی سەرەکی لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا.
ئەوەش هاتووە، تەنانەت هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ئیسرائیل، وەک سیناتۆر برایان شاتز، بەئاشکرا دەستیان کردوە بە ڕەخنەگرتن لەسیاسەتەکانی نەتانیاهۆ، پێیان وایە ئەم سیاسەتانە ئاسایشی ئیسرائیل و جولەکەکان لەسەرانسەری جیهاندا لاواز دەکەن.
کەناڵە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، پێشنیاری دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستینیش لەچوارچێوەی کۆنگرێسدا تادێت پشتیوانی زیاتری دەست دەکەوێت، هاوکات بەرپرسانی جولەکە و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی لایەنگری ئیسرائیل نیگەرانن لەم گۆڕانکارییە و پێیان وایە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بۆ ئێستا پراکتیکترین بژاردەیە.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی دیموکراتەکان سەردانی ئیسرائیل بکات، بەڵام دودڵی هەیە لە کۆبونەوە لەگەڵ نەتانیاهۆ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبونی جیاوازی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و بنکەی پارتی دیموکراتە.