ڕونکردنەوەیەک لەدەزگای میدیایی شارپرێسەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3864 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەچەند پەڕەو میدیایەک پسوڵەیەکی سزای هاتوچۆ بڵاوکرایەوەو هەندێک لەپارێزەران‌و چالاکوانانیش لای خۆیانەوە بڵاویانکردەوە کە ناوەڕۆکەکەی تایبەتبوو بەسەرپێچییەک کە لەبنەڕەتدا لەتایبەتمەندی پۆلیسی هاتوچۆ نییەوهیچ یاساو ڕێنماییەکی لەبارەوە نییەو بۆی دەرنەچوێنراوە لەلایەن دەزگا فەرمی‌و تەشریعییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

شارپرێس بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتە کردو وێرای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوەو وەرگرتنی لێدوانی یەکێک لەو پارێزەرانەی کە پسوڵەکەی بڵاوکردبوەوە، پەیوەندیمان کرد بەچەند ئەفسەرو بەرپرسێکی بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆوە، یان ئامادەنەبون هیچ لەبارەی سزاو پسوڵەکەوە بڵێن یان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدەدایەوە.

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لەماڵپەڕەکەمان، بەڕێوەبەرایه‌تى هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوه‌تەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو هەواڵە ناڕاستەو دورە لەڕاستیەوەو ئەو پسوڵەیەى لەمیدیاو سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە "فەیک‌و ناڕاستە".

ئێمە لەدەزگای میدیایی شاپرێس وێرای ئەوەی کە سەرچاوەمان بۆ هەواڵەکەمان بەکار‌هێناوەو لێدوانی پسپۆڕی یاساییمان وەگرتوە، لەهەمانکاتیشدا پۆزش بۆ خوێنەران‌و وەرگرانمان دەهێنینەوە لەئەگەری ڕاست نەبونی ئەو هەواڵەداو دەکرێت هەڵەیەک بەسەر تیمەکانی ئێمەشدا تێپەڕیبێت، بۆیە داوای لێبوردن لەخوێنەران‌و وەرگرانمان دەکەین‌و دوپاتیدەکەینەوە وەک هەمیشە پابەندی بنەماو ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی خۆمان دەبین‌و متمانەی وەگرانمان دەپارێزین.

دەزگای میدیایی شارپرێس
5ى ئابى 2025

بەپەلە