شارپرێس:
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ڕوسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆك كۆماری ڕوسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا.
پێسكۆڤ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ڤلادیمێر پوتین بە تایبەتی جەختی لە گرنگی پشتیوانی لە یەكگرتوویی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا و بەهێزكردنی سەقامگیری سیاسی ناوخۆی سوریا كردەوە لە هەمان كاتدا ڕێزگرتن لە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواكانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی وڵات.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ڕوبەڕوبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل، لایەنی ڕوسیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئاسانكاری بۆ ڕێگەچارەی دانوستان بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. هەردوو سەركردە ڕێككەوتن لەسەر درێژەدان بە دیالۆگ لەسەر پرسە هەنووكەییەكان لە بواری نێودەوڵەتی و دوولایەنە".
ئ.ه