شارپرێس:
ئەمریکا لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوەو باڵیۆزخانەکەی لەبەغدا فشارى جدى دهستپێكردوه بۆ ئهوهى دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای خزمەتو خانەنشینی حەشدی شەعبی نەدرێت، بەڵام ئێرانو لایەنگرەکانی، ههوڵهكانیان چڕكردوهتهوه هەرچۆنێکه، پڕۆژهكه تێپەڕێت، سهرۆكى دهستهى حهشدى شهعبیش پهیامێك ئاراستهى پهرلهمانتاران دهكات.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی داوا لەپەرلەمانتارانی عێراق دەكات، "یاسای حەشدی شەعبی تێپەڕێنن، چونكه دەنگدان بەیاساكە، تەنها ڕێکارێکی یاسایی نییە، بەڵکو دەربڕینی سوپاسگوزاریی گەلە بۆ جەنگاوەرەكانی".
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، "لەساتێکدا کە ماناکانی وەفادارییو مێژوو بەرجەستە دەبن، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی دەوەستین، بابەتێک كە پەیوەندیدارە بەشكۆی ئەوکەسانەی چەکیان هەڵگرت بۆ بەرگریکردن لەعێراقو سەروەریەکەی".
فهیاز وتویهتى، "دەنگدان لەسەر یاساى حەشدی شەعبی، تەنها ڕێکارێکی یاسایی نییە، بەڵکو دەربڕینی سوپاسگوزاریی گەلە بۆ جەنگاوەرەكانیو چەسپاندنی مافی ئەوکەسانەیە کە وەڵامی بانگەوازی مەرجەعییەتی ئایینییان دایەوەو بەخوێنی خۆیان شکۆمەندی ئەم نیشتمانەیان نوسیوە".
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، "ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەكە لەمیانی دیدارێکدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تاووتوێی ئەو بابەتەیکردوەو نیگەرانی بەردەوامی ئەمریکاى سەبارەت بەپڕۆژهیاساکە دەربڕیوە".
لەبەیاننامەكەدا هاتوە، "فەیگن جارێكی دیكه قسەكانی مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوپاتکردەوە، کە یاسای حەشدی شەعبی، هەژمونی ئێران بەدامەزراوەیی دەكاتو گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان بەهێزتر دەکات، ئەوەش هەڕەشە لەسەروەریی عێراق دەکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2016ی حەشدی شەعبی بکرێتەوەو حەشد بکرێتە دامەزراوەیەکی تەریب بەسوپای عێراقو چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، ئەمە دوبارەکردنەوەی سوپای پاسدارانەو ئەمریکا ڕێگهی پێنادات.
تائێستا دوجار خوێندنەوەی هەمواری یاساکەی حەشد لەلایەن شیعەکانەوە بەبێ بەشداریی پەرلەمانتارانی کوردو سوننە كراوهو چاودێرانیش دهڵێن، ئهوهى ڕویداوه، فرسەتهێنان بوە لەکوردو سوننە، هەر دەنگدانی کۆتایی ماوە، ئەم هەموارەش دوای ئەوەهات کە ئەمریکییەکان لەساڵانی پێشودا چەندجارێک هێرشیان لەلایەن ئەم گروپانەوە کراوەتەسەر، بۆیە ئەمریکییەکان داوای چەککردنی حەشدو هەڵوەشاندنەوەیان کردوەو ئەوانیش دەیانەوێت دەستپێشخەریی بکەنو حەشد لەو چەککردنو هەڵوەشاندنەوە بپارێزن.
حەشدی شەعبی هێزێکی چەکداریی سەر بەدەوڵەتی عێراقەو لەدەیان گروپی جۆراوجۆر پێکدێت، ئهو هێزە لەساڵی 2014و لەدوای فەتوایەکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش دامەزراوەو لەساڵی 2016دا بەیاسا بونە هێزی فەرمی عێراقو بودجەی هێزەكهش ساڵانە بەبەردەوامی زیاد دەکات، بەڕادەیەک لەبودجەى 2023دا (12%)ى بودجەى هەموو عێراقیان بۆ دابینکراوە کە دەکاتە نزیکەى بودجەى هەموو هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە لەسەرەتادا وەک هێزێکی خۆبەخشی نیشتمانی دەرکەوتنو پێکهاتەی سوننەو مەسیحیو ئێزدیشی لەخۆدەگرت، بەڵام زۆرینەی باڵادەستی هێزەکە لەگروپە شیعەکان پێکدێت کە زۆربەیان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیەو لەنێو سەرکردایەتى ئەو گروپانەدا هیچ بەرپرسیارێتییەک نەدراوە بەپێکهاتەکانى دەرەوەی خۆیان.
ئەمریکا هیچکات هێندەی ئێستا فشارى لەعێراق نەکردوە، بەوپێیەی لەڕێگەی مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییو ستیف فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، فشار لەبەرپرسانی عێراق دەکاتو هۆشداریدەدات كه پڕۆژەیاسای خزمەتو خانەنشینی حەشدی شەعبی لەپەرلەمان تێنەپەڕێنن؛ ئەمە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاساکە دوو خوێندنەوەی بۆکراوەو تەنها دەنگدانى ماوە.
بهبڕواى شرۆڤهكاران، پێدەچێت هیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق وەکو محەمەد شیاع سودانی نەکەوتبێتە نێو دوڕیانی وەک تێپەڕینی یاسای خزمەتو خانەنشینی حەشد، لەلایەك ئەمریکا فشارى لێدەکات كه نابێت پڕۆژەیاساکە لەپەرلەمان تێپەڕێت، لەلایەکی دیکەشهوه ئێرانو هاوپەیمانەکانی، سورن لەسەر تێپەڕاندنی.
پڕۆژەیاساکە ئەگەر لەپەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، ڕێگە بەحەشدی شەعبی دەدات، ئەکادیمیای سەربازی تایبەت بەخۆی هەبێتو بتوانێت ئەفسەر لەوێ پێبگەیەنێت، ئەمە لەگەڵ دەستکردنەوەی بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانییو دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات بۆخۆی، بەجۆرێک حەشد هاوشێوەی سوپای عێراقی لێدێتو لەهەندێ ڕوەوە لەویش بەهێزتر دەبێت.
ئەمریکا نیگەرانە لەوەی، هەمان ئەزمونی سوپای پاسدارانی ئێران لەعێراقیش بەسەر حەشدا دوبارە ببێتەوە، چونکە حەشد ئێستا خاوەنی گروپی کۆمپانیایەکە بەناوی "ئەلموهەندیس" هەمان ستایلی گروپی "خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی.
ئهوهش لهكاتێكدایه، ویلایهته یهكگرتوهكانى ئەمریکا بههیچ شێوهیهك نایەوێت ئەو وەبەرهێنانەی لەسوپای عێراقدا کردویەتی کە ملیاران دۆلارە، بەهەدەر بڕوات، ههربۆیه پێشبینیدهكرێت، لەئەگەری تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر دامەزراوەکانی عێراقو تەنانەت خودی سەرکردەکانی حەشدا بسەپێنێت.
لهم نێوهندهشدا، دەستەی حەشدی شەعبی پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردوەو داوادەکات، وەکو وەفایەک بۆ خوێنی قوربانییەکانیان لەشەڕی دژی داعشو فەتوای مەرجەعییەت، یاساکە تێپەڕێنن.
ههرچهند چاودێرانو سهرچاوهكانى ههواڵیش باس لهوهدهكهن، بەهۆی فشاره جدیهكانى ئهمریكاوه، یاسای خزمەتو خانەنشینی حەشدی شەعبی، لەم خولەی پەرلەمانى عێراق تێناپەڕێت.
