سه‌باره‌ت به‌کورتهێنان بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران زانیاریى ئاشكراده‌كرێت

لە میدیاکانەوە

25/09/2025‌ 6717 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوەدەکەن گوایە قەیرانێکی دارایی لەعێراقدا هەیەو موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان دوادەکەوێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئه‌و هەواڵانەی بەتەواوی ڕەتکردەوە.


مووعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی بەئاژانسی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندوە، باری دارایی وڵات جێگیرەو هیچ کەموکورتییەکی تێدانییە کە ببێتە هۆی دروستبونی کێشە بۆ حکومەت لەجێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانیدا، بەتایبەتی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان‌و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

کازمی جەختیکردەوە، داهاتی نەوتی، کە سەرچاوەی سەرەکیی بودجەیە، لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان (وەک باج‌و داهاتی دەروازە سنورییەکان)، بەشی پێویست دەکەن بۆ دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان وەک چۆن لەیاسای بودجەدا دیاریکراوە.

وتوشیەتی، "لیژنەکەیان بەردەوام چاودێریی وەزارەتی دارایی‌و بانکی ناوەندیی دەکات‌و دڵنیابونەتەوە لەوەی کە پارەی کاش بەشێوەیەکی گونجاو بەردەستە بۆ دابینکردنی موچەو شایستە داراییەکان بەبێ هیچ دواکەوتنێک، نەک تەنها بۆ ئەم مانگە، بەڵکو بۆ مانگەکانی داهاتوش".

لەکۆتاییشدا، کازمی جەختی لەوەکردوه‌تەوە، ئەو هەواڵانەی کە باس لەبونی قەیرانی دارایی یان دواکەوتنی موچە دەکەن، "تەنها دەنگۆن‌و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییەو ئامانجیان ترساندنی هاوڵاتیانە".