عێراق به‌فه‌رمى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى ڕاگه‌یاند

کوردستان

27/09/2025‌ 8540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی نەوتی عێراق به‌یانى ئه‌مڕۆ ئاشكرایكرد، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەستکرایه‌وه‌ بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان".


لەڕاگەیەنەدراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "بەسەرپەرشتی حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزەو هاوكات وەزیری نەوت، بەهاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكومه‌تى هەرێم، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27ی ئەیلولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لەڕێگەی بۆری عێراق ـ تورکیاوە دەستیپێکردەوە".

وەزارەتی نەوت ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، "وه‌ك ئه‌و پلانه‌ى دانرابوو، لەکاتژمێر 6ی بەیانی هەناردەكردنى نه‌وت بەبێ بونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستیپێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی‌و حکومەتی هەرێمە لەبەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان بەگیانی هاوبەشی‌و هەماهەنگیی، هەروەها بەشداریکردن لەدەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت‌و پاڵپشتیکردنی ئابوریی نیشتمانی".

 

زیاتر لەدوو ساڵ‌و نیوه‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان ڕاگیرابوو، به‌ڵام دواى ڕێكه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، ئه‌مڕۆ هەناردەکردنەوەی لەکێڵگەی نەوتی پێشابورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوەو ڕۆژانەش 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.

لە25ی ئاداری ساڵی 2023وە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە.