سه‌ركرده‌یه‌كی به‌ره‌ی گه‌ل: ڕوداوەكەی لالەزارو لاهوری شێخ جەنگی نەخێزانییەو نە یاسایی

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌ركرده‌یه‌كی به‌ره‌ی گه‌ل دەڵێت،" تائێستا نەیاساو نەخێزان ڕوكنێكیان لەكێشەی لاهور شێخ جەنگی نەگرتوەو ئاشكرایكرد، دوای ئەو کارەساتەش دەستگیردن و هەڕەشە کردن لەلایەنگرانيان بەردەوامە.


ژینۆ محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرەی گەل و کەسی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی کە 22 ئاب لەلايەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە ئوتێل لالەزار دەستگیرکرا، ڕایگەیاند،" لەدوای کودەتای 8 ی تەموزەوە جگە لەدەرکردنی لاهوری شێخ جەنگی و ئێمە کە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بوین ، لەناو هەموو ئۆرگانێکی یەکێتیش هەرکەسێک مەرحەبایەکی لاهوری شێخ جەنگی کردبێ یان دور خراوەتەوە یان ناچار کراوە کە پێچەوانەی مبادئی خۆی ڕەفتار بکات ، تا ئێرەش دەکرێت بڵێین ئاساییە کەسانێک هەر لەو بڕوایەدا بوبن کە کێشەکان خێزانین".

ئەندامەكەی بەرەی گەل دەشلێت،" لەدەرەوەی یەکێتی بەرەی گەلمان دروست کرد زۆرترین ئاستەنگ و ڕێگری لەئەندام و لایەنگرانمان کراوەو جۆرەها چاو سورکردنەوەو هەڕەشە بەکارهاتوە و هەر بەردەوام بوین ، لە 22 ی ئاب کە فەرمانێکی دەستگیر کردن دەرکرا ، وەک کەسێکی یاسایی دەڵێم هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی نەبینرا لەئەلفەوە بۆ یائی پڕۆسەکە و تێیدا بە دەبابە و درۆن و دەیان چەکی قورس هێرش کرایە سەرمان و ئەنجام بەشەهید بون و سوتانی چەندین گەنجمان و دەستگیرکردنی زۆرێک لەهاوڕێیانمان کۆتایی هات کە زۆربەمان دور و نزیک هیچ پەیوەندیەکی خزمایەتیمان لەگەڵیان دا نیە".

ژینۆ محەمەد ئەوەشی ئاشكراكردوە، دوای ئەو کارەساتەش دەستگیردن و هەڕەشە کردن لەلایەنگرانمان بەردەوام بوەو دەڵێت،" دەپرسم ئەگەر کێشەی لاهوری شێخ جەنگی سیاسی نیەو خێزانیە لەدوای دەستگیرکردنی کاک لاهور بۆچی بەدوای خەڵکانی ئێمەوە بون؟ ئەگەر کێشەکان خێزانین یان یاسایین دوای 36 ڕۆژ  لەدەستگیر کردن بۆچی تا ئێستا ڕوبەڕوی دادگا نەکراونەتەوە؟! ".

جەختی لەوەشكردۆتەوە،" ئەوەی بەچاوێکی کراوە و ویژدانەوە سەیری بابەتەکە بکات دەزانێت کە کێشەکان نە خێزانین نە یاسایی ، وە بە داخەوەش ئەوە دەڵێم هەرچەند خۆم کەسێکی یاساییم بەڵام یاسا ناتوانێ چارەسەری ئەو کێشەیە بکات چونکە ئەساسی کێشەکە سیاسیە".