ئەنەکەسە ڕونکردنەوە لەبارەی سەردانەکەیان بۆلای ئەحمەد شەرع دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، هەرچەندە ئامادەکاریی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع كراوە، بەڵام ئامادەکارییەکان تائێستا تەواونەبون و ئاشكرایكرد، لەکۆبونەوەکەدا داوا دەکەن شەرع شاندی یەکگرتوی کورد ببینێت و مافە نەتەوەییەکانی کوردیش لەسوریادا گەرەنتی بکات.


نیعمەت داود، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بەمیدیای ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندوە، هەرچەندە ئامادەکاری کراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواونەبون بۆیە تائێستا ئەنەکەسە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع بانگهێشتنەکراوە.

دەشلێت،"ئەگەر کۆبونەوەکەش بکرێت ئێمە داوا لەسەرۆک کۆمار دەکەین چاوی بەشاندی هاوبەشی کورد بکەوێت چونکە وەک لایەنی سەرپشککراو بۆ پرسی کوردی دەزانین، دواتریش ڕوانگەی خۆمان لەسەر پرسی کورد و سوریا بەگشتی دەخەینەڕوو".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوریا وڵاتێکی فرە نەتەوە و پێکهاتەیەو پرسی کوردو داواکارییەکانیشی پێویستە بەشێوەیەکی دەستووری چارەسەر بکرێن،بۆ کۆی سوریاش ئەنەکەسە داوای وڵاتێکی هەمەڕەنگ و دیموکراسی دەکات بەجۆرێک لەدەستوردا تایبەتمەندی هەموو پێکهاتەکان ڕەچاوبکرێت و دانیش بەمافەکانی کوردو پێکهاتەکانی دیکەی سوریادا بنرێت.

بەپەلە