سیاسەت‌و وەهمی میدیا

بیروڕا

21/10/2017‌ 758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دكتۆرا لە فەلسەفەی –كۆمەڵناسی – زانكۆی سۆربۆن پاریسی 1

نەیارانی كوردستان میدیا بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و هەڕەشەكانیان بەكاردێنن ،  وەكو چۆن لایەنی سەربازی و ئابووری و سیاسەتەكانیان بەكاردێنن بۆ دژایەتیكردن ، میدیاش لەو ئامێرە كاریگەرانەیە كە رۆڵی خۆی لەو پرۆسە دەبینین ، ئەم دەورەی میدیای نەیاران لەروانگەی ئەكتەری كۆمەڵایەتی كورد   خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت، بەپێچەوانەوە لە دیدی نەیارانیش خوێندەوەیەكی دیكەی بۆ دەكرێت ، بۆیە پرۆسەكە دوو رووی هەیە لە هەر كۆمەڵگەیەك پێوەرەكان دەگۆردرێنن، بەهەمان شێوە كوردستانیش بەرامبەر بە نەیارانی میدیا بەكار دێنی بۆ بڵاوكردنەوەی پروپاگەندە  بەڵام رەنگە جیاوازییەكەی ئەوە بێت نەگات ئاستی تۆقاندن و هەڕەشەی توند ئەمەش بۆ كلتور و سروشتی ئەكتەری كۆمەڵایەتی كورد بە گشتی دەگەرێتەوە ، مەبەستم ئەوەیە هەردوو لایەن لە دۆخی ئاشتی و شەڕ دا میدیا بۆ پروپاگەندە بەكار دێنن ، پەیڕەو كردنی ئەم میتۆدەش پارێزگاریكردن لە خود ، ئەمەش شتێكی تازە نیە بەڵكو پاشخانێكی مێژووی هەیە.

میدیای ئەمرۆ لە ژێر هەیمەنی خواستە گشتیەكان نیە ، بەڵكو لەلایەن حزب یان گرووپ یان كەسانی دیاریكراو هەیمەنەكراوە ، و پێوەرە زانستیەكان لە دۆخی وا دا هیج وجودی نیە، بۆیە دەتوانین بلێن ئەمرۆ  میدیا دۆخێكی ئیفترازی خوڵقاندوە  لە لۆژیك تێپەریوە كە رەنگدانەوەی هەقیقەتی كۆمەڵگە نیە و  هاوڵاتیان تێدا وون بوونە.

بۆنمونە لە رووداوەكانی 16/ئەكتۆبەری 2017 ی شاری كركوكـ ، كە سەیری كەناڵەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانت دەكرد ، دۆخێكی  پێچەوانەی كەناڵەكانی سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  پەخش دەكرد. 

لەبەرئەوە میدیا لە هەرێمی كوردستاندا بە پێوەرە زانستی و ئەكادیمی و پرۆفیشناڵی  تێ ناپەرێت  ،  میدیاش رەنگدانەوەی  تەوتۆز و فەوزای واقیعە ، كۆمەڵگە لە دۆخی سروشتدایە دۆخی سروشتیش بە مانای دۆخی فەوزا و بەربەریەتە هیج سانسۆریك لەسەر كارەكانیان نیە ، خالێكی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا میدیا سەر بە حزبەكانن واتا میدیای دەسەڵاتە لەلایەك  و ئۆپۆزیسیۆن لەلایەكی دیكەوە  ، تەنانەت ئەمرۆ ماس میدیا ئەوەندە فروان بووە لەئاستی حزب و یكخراو و گرووپیش دەرچووە بۆتە میدیای تاكە كەسی ئەویش لە رێگای تۆرە كۆمەڵایەتیەكان ، واتا دەتوانین بلێن هەر ئەكتەرێكی كۆمەڵایەتی خاوەن میدیای تایبەت بە خۆی هەیە ، ئەم دیاردەیە كۆنترۆڵكردنی یەكجار ئەستەمە ، دەتوانم بلێم میدیا لە كوردستاندا  بە شێوەیەكی ریّژەیی دوورە لە ئیتیكی رۆژنامەوانی ، هەروەها میدیا نەبۆتە سەرچاوەیەك بۆ بەهێزكردنی بواری ئابووری كە لە رێگەی  پرۆگرامەكانی وسیلەیەك بۆ دۆزینەوەی كار و بازار پەیداكردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان ، لەرووی رۆشنبیرییەوە  كار لەسەر ناساندنی كلتور و گەشەسەندنی هزری هاوڵاتیان بكات ، هەروەها لە رووی سیاسیەوە میدیای كوردی زۆر  كلاسیكیانە كار دەكەن ، و لەم بوارەدا میدیا هەوڵی افترازی وەهمی دەخولقێنی ئەمەش كار لە تێكدانی ئاشتی ناوخۆی ، لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە بەهەمان شێوە پرۆفیشناڵ نەبوونە لە راگرتنی بەلانسی  كۆمەڵایەتی . لێرەشدا دەتوانین بلێن بەلێ میدیای كوردی هەموو سنورێكی بەزاندوو لە پێدانی زنیاری ناتەندروست و وەهمی كە كاریگەرییەكی نیگەتیڤی كردۆتە سەر ژیان هاوڵاتیان  ، ئەم حاڵەتش ئەگەر لەوڵاتیكی یا لە دەوڵەتێكی راستەقینەدا بێت بیگومان ڕێوشوێنی یاسای توند دەگردرێتە بەر  بەرامبەر ئەم دەزگایانە كە لەسەر ئەم فۆرمە كار دەكەن.

قسە كردن لە دۆخی سیاسی ئەوەندە كارێكی ئاسان نیە ،  لە سیاسەتكردندا هەقیقەت نابیندرێت ، چونكە تیۆری  ئەخلاقی سیاسی لەسەر بنەمای تێگەیشتن بۆ سروشتی مرۆڤ لەم ناوچانە هێشتا  دانەمەزراوە. سیاسەتكردن لە دەستی خودی چەند كەسێكە واتا سیاسەتكردن لەم ناوچانە ئەوەندە تێگەیشتی بۆ خواستەكانی خودی ئەكتەرە سیاسیەكانە ، ئەوەندە تێگەیشتن بۆ خواست و ویستی خەڵك نیە، واتا  ئەولەویەت بۆ ئەمنیەتی ئەكتەرە سیاسیەكان پێش ئەمنیەتی خەڵك.

لە كوردستاندا سیاسەتی بنەماڵەیی پیش سیاسەتی نیشتمانی نەتەوەییە ، بەهێزكردنی سیاسەتی بنەماڵەی ئەجندایەكی داگیركەرانەیە چونكە داگیركەران و دوژمنانی كورد لەرێگای ساسەتی بنەماڵە زۆر بەئاسانی دەتوانن شكۆ وخەون و ناسنامەی كورد  لەناوببن ،  نوێنەرایەتیكردنی گەلی كورد لەلایەن بنەماڵە بۆ ئەوە نیە كە خەون و ئومێد ودەنگ وداوكارییەكانی گەلی كورد  بەرزكاتەوە و جێ بەجێیان بكات بەڵكو بۆ ئەوەیە دەنگی میللەتێك كپ و بێ دەنگی بكات ، چونكە ئەوان هەموو ئەو هێزەیان لە هاوڵاتیانی كورد وەرگرتۆتەوە بەناوی نوێنەرایەتیكردنی كورد ، ئەو هێز تا ئەو ئاستە كار دەكات كە لە بەرژەوەندنی ئەوان نەك میللەت بێت،  ئەم مۆدێل و میتۆدە دەتواندرێت ببێتە نموونەیەكیش لەسەر ئاستی گرووپ و حزبی سیاسیی و نوێنەرایەتیەكان تا رادەیەك ، گرنگە ئەكتەری كوردی لەو وەهمە  بە ئاگا بێتەوە لەو هێزەی بە ئەوانی بەخشیوە .  

بێ ئومێدبوونی  خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا لە هێز دەرەكیەكان نیە ،  ئەم بێ هیوا بوونە دوو ئەوەندەش بەدەست دووری گووتاری ئەكتەرە سیاسیەكانی كوردەوەیە ،  هاوڵاتیانی كورد لە سەرگەردانی و بێ دادی دەژین ، بینیما لە پروسەی ریفراندۆم جەماوەری كوردستان وێرای هەموو هەرەشەكانی دەورووبەر و ناخۆشی بارودۆخی گوزەرانیان روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد و دەنگیان بە سەربەخۆی دەوڵەتێكی كوردیدا دا ، لێرەدا هاوڵاتیانی كوردستان وەكو ئەرك و مسئولیەتێكی ئەخلاقی و نیشتیمانپەروەری ئەوەی لەسەر شانی ئەوان بوو ئەنجامیان دا ، بەڵام لەهەمانكاتدا خیتابی ناروونی سیاسیەكان و پەرتەوازی بوونی بۆچوونەكان لەسەر پرسە نشتیمانیەكان هاوڵاتیانی هەرێمی دووچاری نا ئومیدی كردوە، كە سەیری بارودۆخەكە دەكەین دلسۆزی و هوشیاری سیاسیی و راستگۆی و هاولاتیانی كوردستان زۆر  لە پێش ئەكتەرە سیاسیەكانی كوردە و ئەم سروشتەی میللەت تاوەكو ئیستا شكۆی هاوڵاتیانی كوردستانی راگرتوە ، زۆر جار میللەت بە هەوڵویستێكی خۆراگر و بەهێزەوە رووبەرووی دوژمن دەبێتەوە بەڵام بەداخەوە نا روونی گووتاری ئەكتەرە سیاسیەكان كورد وپەرتەوازەبوونی سیاسەتەكانیان بەرامبەر بە یەكدی  رۆڵی بینوە لە لاوازكردنی هەڵویست و شكۆی جەماوەری كوردستان ،   بۆ نموونە یەكسەر دوای تەواوبوونی ریفراندۆم باس لە كۆنفیدرالیان دەكرد !!! بەراستی ئەمە جێگای سەرسورمانە هاوڵاتیانی كوردستان دەنگیان بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ داوە نەك بە كۆنفیدراڵی . بۆچی ئەی لە پرۆسەكە نەدەنوسرا ئەم ریفراندۆمە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نیە بەڵكو بۆ كۆنفیدرالیە ، جگە لەوە رووداوەكانی كركوك ونەبوونی هەماهەنگی و دووڕوویی سیاسیەكان لەگەڵ میللەتەكان ، و روون نەكردنەوەی هەنگاوەكانی بە شێوەیەكی شەفاف بۆ هاوڵاتیان ،  بۆیە ئەم هەڵوست و رەفتارانە زیاتر لە دوژمنانی كورد هاوڵاتیانی كورد دووچاری بێ ئومێدی دەكات، و  ئەم بێ ئومیدیەش هەر لەسەر ئاستی سیاسیدا كورت نابێتەوە ، بەڵكو لەسەر ئاستی ئابوری و نا شەفافیەت و گەندەڵیەكان و بگرە ئەوانیش كۆمەلێك پرسی دیكەن كە زەروورە سنوریان بۆ دابندرێت. 

شەونم یەحیا