شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستوە کە ئاستی ئیشکردنی "چات جی پی تی" لەدەستنیشانکردنی نیشانەکانی نەخۆشیی جیاوازە، کە وردبینییەکەی لەنێوان 49%و 61% بوە.
توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک ئەم ئاستەیان بە"مامناوەند" ناوبردوەو گەڕاندویانەتەوە بۆ تێکەڵبونی زاراوە پزیشکییەکان لەگەڵ زمانی ڕۆژانە.
ئەحمەد عابدین حامد توێژەری سەرەکیی ڕونیکردوهتەوە کە "چات جی پی تی" زمانی دۆستانە بەکاردەهێنێت کە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی ناپسپۆڕ ئاسان دەکات، لەکاتێکدا ئەدەبیاتی پزیشکی پشت بەزاراوەی زانستی ورد دەبەستێت، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلێشێواندن لەگونجاندنی نیشانەکان وەک "دڵتەنگی" لەگەڵ "خەمۆکی"، یان "سوربونەوەی ڕوخسار" لەگەڵ "هەوکردن".
سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەکە دەریخستوە کە ئاستی بەرنامەکە نایاب بوە لەڕونکردنەوەی ئەو زاراوانەی کە لەنێوان زمانی ڕۆژانەو زاراوە پزیشکییەکاندا هاوتان، وەک ناوەکانی نەخۆشییەکان، دەرمانەکانو زانیارییە بۆماوەییەکان.
ئەوەش هاتوە، وردبینییەکەی لەدەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا گەیشتوەتە 88% بۆ 97%و لەدەرمانەکاندا 90% بۆ 91%و لەزانیارییە بۆماوەییەکاندا 88% بۆ 98%، بەتایبەت لەحاڵەتەکانی وەک شێرپەنجەو پەستانی خوێندا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
