شارپرێس:
هندێکجار زیادهڕۆییکردن لەخواردنی شوتی زیانی دەبێت، چونکە پسپۆڕانی خۆراک هۆشداریدەدەن لەوەی خواردنی بڕێکی زۆر لەشوتی دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی نەخوازراوی هەبێت، سەرەڕای سودەکانیو زۆریی ئاو لەپێکهاتەکەیدا.
لارا ویتسۆن پسپۆڕی خۆراک بەپێگەی "کلێڤلاند کلینیک"ی ڕاگەیاندوە، خواردنی دوو ژەم شوتی لەڕۆژێکدا بۆ زۆربەی کەسەکان سەلامەتە، بەڵام هۆشداریدەدات لەو سیستەمە خۆراکییانەی کە بەتەواوی پشت بەشوتی دەبەستن.
ئاماژە بەوەدەکات، ئەمە وای لێدەکات جەستە توخمە سەرەکییە پێویستەکانی بۆ ئەنجامدانی کارەکانی لەدەستبدات.
بهگوێرهى "جۆنز هۆپکنز میدسن"، شوتی یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندە بە"فۆدماب " (FODMAP) کە جۆرێکن لەشەکرو لەڕیخۆڵەدا بەزەحمەت هەڵدەمژرێن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبونی غازات، سکچون، یان قڵیشان، بەتایبەتی لەوکەسانەی کە توشی نەخۆشیی قۆڵۆنی عەسەبیی بون.
ئەوەش هاتوە، شوتی هەروەک مادەی "تایرامین"ی تێدایە، کە ترشێکی ئەمینییەو لەوانەیە لەهەندێک کەسدا ببێتە هۆی سەرئێشەی جۆری شەقیقە.
"مایۆ کلینیک" هۆشداریدەدات لەوەی خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بەم مادەیە، لەگەڵ هەندێک دەرمانی دژە خەمۆکی، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەیەکی مەترسیداری فشاری خوێن.
بهگوێرهى ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس" باسی لەوەکردوە، شوتی لەوانەیە کاردانەوەی هەستیاری لای ئەوکەسانە دروستبکات کە هەستیارییان بەگیاکان یان گیای دیکەی وەرزی هەیە.
هەرچەندە شوتی لەهەر ژەمێکدا 17 گرام شەکری سروشتی تێدایە، بەمەش کەمترە لەئەنەناسو زیاترە لەتوو، بەڵام نەخۆشانی شەکرە پێویستە بەمامناوەندی بیخۆن.
"کلێڤلاند کلینیک" پێشنیازی تێکەڵکردنی لەگەڵ سەرچاوەکانی پرۆتین یان چەورییە تەندروستەکان دەکات، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی لەسەر ئاستی شەکری خوێن.
سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکان، شوتی بەخواردنەوەی بەمامناوەندی، وەک بژاردەیەکی هاوینەی تەندروست دەمێنێتەوە، چونکە تینوێتی دەشکێنێتو ڤیتامینەکان بەجەستە دەبەخشێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
